هه‌ڵۆ شێركۆ بێكه‌س : ژینا كەنیشكێ بوو بێ لەچك بەڵام پرچی بۆ كردین بە ئاڵا

کوردستان
21:41 - 2022-09-19

هەڵۆ كوڕى شاعيرى نه‌مر و گه‌وره‌ى گه‌له‌كه‌مان شێركۆ بێكەس بۆ ژینا ئەمینی ده‌نوسێت :

ژینا ئەمینی

لە ڕۆژێكی بە ڕۆژمێری وەك ئەمڕۆ و بەڵام چاوتەڕ بۆ مێژوو...
ژینا كەنیشكێ بوو بێ لەچك بەڵام پرچی بۆ كردین بە ئاڵا
لە سەربانی هەموو ماڵێكی سەقز مۆمی خۆشەویستیان بۆ دائەگیرسان لەوێ!
ئێستا هەموو وڵاتم لەوێ وەكو شیعر سەرتاپای ڕەش و 
كتێب بۆینباخی ڕەش و مۆسیقا پرسەیەتی لەوێ!
ژینا ئەمینی نەیویست لەچك كفنی سەروملی بێت
نەهێشت لەچك خۆرەتاو دەركات و لەچك وەك گۆڕێكی قوماش
سەروملی تێدا بنێژێت!
لە تاران بادەی خەیام كفری سوورە و لە ژێر لەچك و لە ژێر 
ترس و لە ناو مانتۆی تەمدا خۆی ئەشارێتەوە لەوێ!
ئێستا لەوێ چاو نییە بۆ بینین و ئاسمان نییە بۆ فڕین و
ڕەنگەكان نیین بۆ جیاوازیی، تەنها و تەنها لە ڕەنگی قەترانیی!

خوێنی ژینا وەكو خوێنی دارهەنارەكانی هەورامان سوور و
ئێسك سووكە و لەبەردەمی چرای هەڵكراوی سەر بەفری
سەقزدا ئەوەستێ و چاوەڕوانە و گوڵاوپرژێنی بە دەستەوە
هەتا یەك یەك لەم گوڵاوەی نەمریەیان بەسەردا بپرژێنێ...
هەموو ساڵێك لە یادی نەمریی تۆدا هەموو شیعرە جوانەكانمان
هەموو سرودە بەرزەكانمان، خۆیان بە ڕایەڵی تریفەی مانگدا
هەڵئەواسن و هەموو زەنگۆڵەكانی گەردنی ئەم میژووە
ڕائەوەشێنن و زرنگە زرنگی وشە ئەیكا بە شەوی زرنگانەوەی
ڕووناكیی و بە ڕەنگدانی بۆن و گوڵدانی دەنگی ژینا لەوێ!

لە ڕۆژێكی بە ڕۆژمێری وەك ئەمڕۆ و بەڵام دڵشكاو بۆ مێژوو...
لەم غەدرەدا...كچێك لە گوڵی دارهەنار باوەشی كرد بە مێژوودا...
بەفر و خوێنی لەگەڵ یەكدا موتوربە كرد لە تاران!
لە دواییدا درەختی دارهەنارێ هاتە ژینەوە
شەختەی سەقز ناوی لێنا درەختەكەی 
شەهید ژینا كوردستانی هەمووان!

وێنە: هونەرمەند هێمن قارەمانی

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP