کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بۆ بەرەنگاربونەوەی قەیرانی غاز لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا، تاوتوێی دو پێشنیاز دەکەن کە ئەوانیش بریتین لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی غاز بە نرخێکی گونجاو یان کەمکردنەوەی بەکارهێنانی غاز بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئاژانسی DPA لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە، یەکێتی ئەوروپا لەژێر فشاری بەشێک لە ئەندامەکانی دایە کە داوا دەکەن پێشنیازێک پێشکەش بکرێت بەمەبەستی دانانی سنورێک بۆ زیاتر بەرزبونەوەی نرخی غاز بەتایبەت کە غازی روسی بۆ ئەوروپا بەڕێژەیەکی تەواو راگیراوە، بۆیە لەئێستادا کاری لەپێشینە دراوە بە گەرەنتیکردنی دابینکردنی غاز بە نرخێکی گونجاو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا پێشنیازێک تاوتوێ دەکەن کە بریتییە لە دیاریکردنی نرخێکی کەمتر لە نرخی جیهانی بۆ کڕینی غاز لە روسیا و ژمارەیەک وڵاتیش پشتیوانی ئەو پێشنیازە دەکەن، هەروەها وڵاتانی ئیسپانیا و پرتوگالیش پێشنیازی ئەوەیان کردوە سنورێک بۆ خەرجکردنی غاز بۆ بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا دابنرێت و بەوشێوە بەرەنگاری قەیرانی غاز ببنەوە.
لەم کاتەدا بەهۆی دزەکردنی غاز لە بۆرییەکانی نۆرد ستریم 1ەوە نرخی غاز سروشتی بەرزبوەتەوە، ئەوەش قەیرانی وزەی لە ئەوروپا قوڵتر کردوەتەوە، چونکە وەرزی زستان نزیکە و گرژییەکانیش زیاتر هەڵدەکشێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئێستا بەهۆی راپرسییەکانی روسیا لە چوار ناوچەی ئۆکرانیا، یەکێتیی ئەوروپا بیر لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیا دەکاتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP