كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی روسیا (كرملن) بڵاویكرده‌وه، سبه‌ینێ هه‌ینی له مه‌ڕاسیمێكدا ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی روسیا ئیمزا له‌سه‌ر لكاندنی 15%ـی خاكی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا به روسیاوه ده‌كات و چاویشی به سه‌رۆك كۆماری لۆهانسك و دۆنێتسك ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی شاری خێرسۆن و زاپۆرۆژیا كۆده‌بێته‌وه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه، به‌گوێره‌ی راپرسی ئه‌و چوار ناوچه‌یه به زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگ ویستی خۆیان بۆ چونه پاڵ روسیا‌و جیابونه‌وه له ئۆكرانیا نیشانداوه، بۆیه له‌ئێستادا به‌رپرسانی هه‌ر چوار ناوچه‌كه گه‌یشتونه مۆسكۆ‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر داهاتوی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده ئه‌مریكاو وڵاتانی دیكه‌ی رۆژئاوا ره‌تیانكردوه‌ته‌وه كه دان به‌و راپرسییه‌دا بنێن كه روسیا له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا ئه‌نجامیداوه، به‌ڵام شاره‌زایانی سیاسی باس له‌وه ده‌كه‌ن، رۆژئاوا ناتوانێت پوتن له بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌زبكاته‌وه، به‌ڵام له‌رێگه‌ی به‌رده‌وامی هاوكاری ئۆكرانیا ده‌توانن پشتیوانی بۆ سوپای ئۆكرانیا زیاتر بكه‌ن به‌بێ به‌شداری راسته‌وخۆی هێزه‌كانی ناتۆ.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP