سه‌رۆك كۆمار چاويكه‌وت به‌ هه‌ردوو وه‌زيرى سەرچاوەئاوییەکان و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکانی هەرێم

عێراق
22:37 - 2022-10-01

سەرۆک بەرهەم پێشوازیکرد لە وەزیری سەرچاوەئاوییەکان و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکانی هەرێمی کوردستان

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە 1 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە سلێمانی پێشوازیکرد لە مەهدی رەشید، وەزیری سەرچاوەئاوییەکانی عێراق بەئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە بارەی ئاسایشی ئاو و کێشەکانی ئاو کە رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتەوە گفتوگۆکرا.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە لە پێویستی پاراستنی سەرچاوەئاوییەکان و کانیاو و بەنداوەکان و پەرەپێدانی پلانە ستراتیژییەکان بە بەشداری هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت و پتەوکردنی کار و هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا، کە بووەتە قەیرانێکی جیهانی.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەگرنگی پاراستنی پشکی ئاوی وڵات کرد لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هەمووان بەبێ زیانگەیاندن بە عێراق، هەروەها هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی سەرچاوەئاوییەکانی بەرزنرخاند بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو، هاوکات دووپاتیکردەوە لە گرنگی پاراستنی هەردوو رووباری دجلە و فرات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP