کرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان کەمدەکرێته‌وه‌

کوردستان
10:29 - 2022-10-05

بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی (٤٥%) لەگشت قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (پارالێل - ئێواران)، هەروەها کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێی ئەنجامەکانی ڕێزبەندی نیشتیمانی، بەڕێژەی (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن کەمکردەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: هەرێمەکەمان بە بارودۆخێکی تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوی بارو گوزەرانی دارایی خەڵکی خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمەکەمان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتی: بۆ ئەوەی گیانی کێبڕکێی زانستی لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنی باوردۆخی هاوڵاتیان وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان.
      
ڕاشیگەیاند: ئامانجی وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە لەبەر چاوگرتنی باری دارایی هاوڵاتیانی کوردستان و ڕەخساندنی هەلی زیاتری خوێندن و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتیشی: فەرمانی وزاری کەمکردنەوەی کرێی خوێندن ئاراستەی گشت زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کراوەو بۆ ئەمساڵی خوێندن دەچێتە بواری جێبەجێ کردن، بەم شێوەیەی خوارەوە:

زانکۆ حکومییەکان:
داشکانی ڕێژەی (٤٥%) لە کرێی خوێندنی (پارالێل) و (ئێواران)ی گشت قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانی تری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣).

زانکۆ تایبەتەکان:
کەمکردنەوەی کرێی خوێندن بەپێی ئەنجامەکانی ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان دەبێت بەم شێوەی خوارەوە:
- ئەو زانکۆیانەی دەکەونە گروپی B، بەڕێژەی (١٠%) کرێی خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەی دەکەونە گروپی C، بەڕێژەی (١٥%) کرێی خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەی دەکەونە گروپی D، بەڕێژەی (٢٠%) کرێی خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەی (٢٠%) کرێی خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP