بافڵ جەلال تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری باكووری رۆژهەڵاتی سووریا

کوردستان
18:21 - 2022-10-05

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە نیكۆلاس گارنەر، نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری باكووری رۆژهەڵاتی سووریا و وەفدێکی یاوەری.

‏‎لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاریی ھەرێم و وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای دژەتیرۆر ئامادەبوون، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هەرێم، عیراق و هاوپەیمانان بەتایبەت هێزەکانی ئەمریکا تاوتوێکران.

‏‎لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگی و بەردەوامیی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرایەوە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکە.

‏‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی هەرێم و عیراق کرد و وتی، هەوڵەکان بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد بەردەوامە. باشترکردنی دۆخی هەرێم لە بوارە جیاوازەکان و بەردەوامیی چاکسازییەکان کاری لەپێشینەمان دەبێت. راشیگەیاند، ئامانجی ئێمە سازان و داڕشتنەوەی بەرنامەیەکی نوێیە تاوەکو هەموومان پێکەوە خزمەتی گەلەکەمان بکەین.

‏‎سەبارەت بە چەقبەستوویی دۆخی سیاسیی عیراق و هەوڵەکانی یەکێتی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان سەرۆک بافڵ وتی، هەموو هەنگاوەکانمان بە ئاڕاستەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانە. پابەندبوون بە دەستوور، هاوبەشیی راستەقینە و پاراستنی مافی نەتەوە و پێکهاتەکان زامنی زاڵبوونە بەسەر کێشەکاندا. داواشمانکردووە هەموولایەک بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر هەستیاریی دۆخەکە هەڵبگرن و داهاتووی وڵات لەبەرچاوبگرن.

‏‎پرسە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو و هەردوولا جەختیان لە چارەسەری سیاسیانەی کێشەکان و یەکخستی هەوڵەکان کردەوە لەپێناو رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی لە ناوچەکە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP