سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆبونەوەی باڵای دەستپێشخەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز دەکات

عێراق
17:55 - 2022-11-08

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی یەکشەممە ٦ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی باڵای جیهانی کەشوهەوای COP27 گەیشتە شاری شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی و لە میانی بەشداریکردنی لەو کۆنفرانسەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا روناکی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە لەوانەش کەمی ئاو و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کشتوکاڵ و زۆنگاوەکان و ژیان، هاوکات هەر لەو سەردانەدا سەرۆک کۆمار چاوی بە ژمارەیەک لە سەرانی وڵاتانی برا و دۆست دەکەوێت.
لەو سەردانەدا سەرۆک کۆمار لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسری عەرەبی و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لێکرا.

سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆبونەوەی باڵای دەستپێشخەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز دەکات

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید ، رۆژی دووشەممە ٧ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، بەشداریکرد لە دووەمین خولی کۆبونەوەی باڵای دەستپێشخەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز کە لە شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی و لە پەراوێزی کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوا COP 27 بەڕێوەدەچێت.
لە میانی کۆبونەوە باڵاکەدا  بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و محەمەد کوری سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و بە بەشداری ژمارەیەک سەرکردە و سەرانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی وڵات، دیارترین کێشە ژینگەییەکان و ئاڵەنگارییەکانی کەشوهەوا کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بۆتەوە و هەرەوەها کاریگەرییان  لەسەر ئاستی جیهانی تاوتوێ کران.

سەرۆک کۆمار چاوی بە ژمارەیەک لە سەرانی وڵاتانی برا و دۆست دەکەوێت

لە پەراوێزی کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوا (  COP 27 ) و  کە لە شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی بەڕێوەدەچێت، سەرۆک کۆمار  دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی نۆڤەمبەری٢٠٢٢، لەگەڵ بەشێک لە سەرانی وڵاتان و سەرۆکی وەفدەکان کۆبووەوە کەبەشداری کۆنفرانسەکەیان کردبوو.
کۆبوونەوەکان بریتی بوون لە گەیاندنی سڵاو ستایش و هەروەها گفتوگۆکردنی دۆستانە  و دەربرینی خواست بۆ پەرەپێدانه پەیوەندی و کارکردنی بەردەوام لەنێوان  گەلی عیراق و وڵاتاندا .

سەرۆک کۆمار لە کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوا (COP 27) وتارێک پێشکەش دەکات
سەرۆک کۆمار، دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی ٧ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢ ، لە شاری شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی بەشداریکرد لە کۆبونەوەی باڵای کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان COP 27  .
لە میانی دانیشتنەکەدا، سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا روناکی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە لەوانەش کەمی ئاو و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کشتوکاڵ و زۆنگاوەکان و ژیان.
سەرۆک لەتیف جەمال رەشید باسی لەو چارەسەرانە کرد لە عێراق کە گیراونەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاستەنگانە، جەختی کردەوە لە گرنگی هەماهەنگی هەوڵە مرۆییەکان بۆ هەمەهانگی هاوبەش و کاریگەر لە پێناو پاراستنی بون و ژیان. 

سەرۆک کۆمار پێشوازی دەکات لە سەرۆک وەزیری تونس

 لە پەراوێزی کۆنفرانسی باڵای کەشو هەوا COP 27  کە لە شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی بەڕێوەدەچێت ، سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید ، رۆژی دووشەممە  ٧ ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢ ، پێشوازیکرد  لە خاتو نەجلا بودن سەرۆک وەزیری تونس.
لە سەرەتای دیدارەکەدا ،سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی خۆی و  بەڕێز قەیس سەعید سەرۆک کۆماری تونسی گەیاندە فەخامەتی سەرۆک کۆمار بەبۆنەی هەڵبژاردنی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کارەکانیدا، هەروەها گەلی عێراقش بە پێشکەوتن و سەرفرازی شاد بێت.
سەرۆک کۆمار سوپاس و ستایشی پیرۆزبایی سەرۆک و سەرۆک وەزیری تونسی کرد و خواستی عێراقی بۆ چەسپاندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی بنیاتنان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی هەردوولا  لە بوارەکانی پەروەردە، گەشتوگوزار، ژینگە و سێکتەرەکانی تر کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بێت دووپاتکردەوە .
سەرۆک وەزیری عێراق، بەرژەوەندی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پێشخستنی دووپاتکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک وەزیر و لێپرسراوی وەفدی عێراق و تونس ئامادەبوون.

سەرۆک کۆمار لەگەڵ پاشای شانشینی ئوردونیش کۆبوەوە

لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆک کۆمار چاوی بە شا عەبدوڵای دووەم پادشای شانشینی ئوردنی هاشمی دەکەوێت و سوربونی عێراق دووپاتدەکاتەوە لە پشتیوانی ‌هەوڵە چڕوپڕە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی كەشو هەوا
لە میانی دیدارەکەدا ،سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لە پەیوەندیی لە مێژینەو و رایەڵە  برایەتیی نێوان هەردوو گەلی برا ، هەروەها گرنگی چەسپاندنی ئامرازەکانی هاریکاری لە هەموو بوارەکاندا لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات .
لە دیدارەکەدا کە دکتۆر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و حسێن کوری عەبدوڵڵا جێنشینی ئوردن ئامادەی بوون، سەرۆک کۆمار ئاماژەی کرد عێراق سورە لەسەر یەکخستنی هەوڵەکان و پاڵپشتی هەوڵە بەردەوامە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە هەڕەشەن لەسەر ناوچەکە و جیهان بەگشتی.
لای خۆیەوە شا عەبدوڵڵای دووەم خۆشحاڵی خۆی بە دیداری سەرۆک لەتیف جەمال ڕەشید دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئوردن کرد و  گرنگی فراوانکردنی چوارچێوەی هاریکاری و کاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان کە لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی برا بێت .
هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا  باسیان لە پێشهاتە سیاسییەکانی لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد و جەختیان کردەوە لە پێویستی یەکخستنی هەڵوێستەکان لەسەر کیشەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP