سەرۆک کۆمار پێشوازیكرد لە باڵیۆزی بریتانیا

عێراق
17:57 - 2022-11-29

سەرۆک کۆمار پێشوازیكرد لە باڵیۆزی بریتانیا و جەختیكرده‌وه‌ لە پێویستیی یەکلاییکردنەوەی دۆسێی ئاوارەکان و مسۆگه‌رکردنی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
 
 دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار، ئه‌مڕۆ٢٩ تشرینی دووه‌م ٢٠٢٢، لە کۆشکی سه‌لام له‌ بەغداد پێشوازیکرد لە (مارک برایسۆن ڕیچاردسۆن) باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق.

 لە دیدارەکەدا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی دووقۆڵیی و چەسپاندنی ئاسۆی هاریکاری و هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست باسکرا لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەش.

 لەو رووه‌وه‌ سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگیی هاریکاریی بۆ بەگژاچونەوەی توندڕەوی و تیرۆر لەسەر ئاستی ئەمنی و فکری، هەروەها ڕۆڵی بریتانیای لە شەڕی دژی داعش بەرز نرخاند، جەختیشیکردەوە لە گرنگیی هەوڵی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی کۆمەڵی نێودەوڵەتیی بۆ یەکلایکردنەوەی دۆسیەی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

 لە بەشێکی دیكه‌ی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە کێشەی ئاوارەکان و ئەو هەلومەرجە ئاڵۆزو پڕنەهامەتیەی کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، دووپاتیشیکردەوە، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسی و ئەمنییەکان کردوە کە نیگەرانی خۆیان لە کێشەکانی بەردەم ئاوارەکان دەربڕیوە، بەتایبەتی کە کۆی ژمارەی ئاوارەکان (٦٠٠) هەزاری تێپەڕکردوە .

 سەبارەت بە دەرفەتی وەبەرهێنان و پێویستیی شۆڕشێکی ڕاستەقینە لە بواری گەشەپێدانی ئابووریدا، سەرۆک کۆمار تەئکیدیکردەوە لەسەر سود وەرگرتن لە ئەزمون و شارەزایی کۆمپانیا بریتانییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و پەرەپێدانی باری ئابووری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکان و پێشخستنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان و هەروەها پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت ، لەو رووەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە حکومەت سورە لەسەر سەرپێخستنەوەی باری ئابوری و دەستکردنەوە بەو پرۆژانەی کە بەهۆی تاوانکاریی داعشی تێرۆریستی و دابەزینی نرخی نەوت راگیرا بون.

 لە بەرامبەردا باڵیۆزی بریتانیا گرنگیپێدانی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەر دوو گەلی دۆست بێت. ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی وڵاتەکەی و نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی هەموو هەنگاوێک دەکەن کە چارەسەری ڕیشەیی دەدۆزێتەوە بۆ دۆسییەی ئاوارەکان و رەخساندنی و هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

 

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP