په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان
13:35 - 2023-01-26

په‌رله‌مانی كوردستان: "دادگای فیدڕاڵی چەندین جارە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بڕیار لە دژی ماف و دەسکەوتەکانی دەدات"

بەداخەوە جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵیی عێراق، بڕیارێکی دیکەی لە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ئومێدی ڕێککەوتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵیی زۆر کەمکردەوە و بووە سەرەتای گرژکردنەوە ناکۆکییەکان.
دادگای فیدڕاڵی، چەندین جارە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بڕیار لە دژی ماف و دەسکەوتەکانی دەدات. وێڕای ئەوەی کە گومان لەسەر دەستووریبوونی کۆی دامەزراوەکەش هەیە و پێویستە بەپێی بنەماکانی دەستوور دابمەزرێندرێت و ڕێز لە مافەکانی تەواوی پێکهاتەکان بگرێت و دادپەروەری و وەکیەکی لەنێوان هەمووان بەدیبهێنیت.
ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیان و قووتی فەرمانبەران و سەرجەم خەڵکی کوردستان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان. کاریگەریی خراپیش دەکاتە سەر ئەو لەیەککنزیکبوونەوە و لیکتێگەیشتنانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتبوونە ئاراوە و خەڵکی هەموو عێراق بە ئومێدبوون ببێتە سەرەتای کۆتایی ناکۆکییەکانی نێوانیان و جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان و گێڕانەوەی مافی هەموو ناوچەکان.
ئەو بڕیارەی دادگا دەبێتە هۆکارێک بۆ فرانبوونی درزی نێوان ڕێککەوتن و پێکهاتنی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و لەبری نزیکكردنەوەی هاووڵاتییان و هێزە سیاسییەکان، پتر لە یەکیان دووردەخاتەوە و کێشە و ناکۆکی و ئاستەنگەکانی عێراقیش زیاد دەکات.
بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داواکارین هەموو ئەو بڕیارە ناڕەوایانەی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکراون هەڵبوەشیندرێنەوە و جارێکی دیکە دەرگا بۆ گفتوگۆ و ڕێكکەوتن بکرێتەوە.
دادگا و بنەماکانی یاسا بۆ لێکتێگەیشتن و لەیەکەوەنزیکبوون و دادپەروەرییە، نەک بۆ دوورکەوتنەوە و ترازان و خۆسەپاندن.
په‌رله‌مانی كوردستان
٢٦ی ١ی ٢٠٢٣

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP