مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلال

کوردستان
16:33 - 2023-02-08

19 ساڵ لەمەوبەر سەرۆک مام جەلال یەکەمین بەردی بناغەی خەباتی یاسایی و دەستووریی و مێژوویی کوردستانیی بوونی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی لە مێژووی عێراقی نوێی پڕ ململانێ و کێشمەکێشی سیاسی دانا و بە پشتبەستن بە بەڵگە و نەخشەی مێژوویی، کوردستانی بوونی کەرکوکی سەلماندووە.
ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال ھیچ بوارێکی نەھێشتەوە بۆ نکوڵیکردن لەو حەقیقەتە ھەر ئەمەش بووە فاکتەرێکی سەرەکیی چەسپاندنی ماددەی 58 لە یاسای ئیدارەی کاتیی دەوڵەت و دواتریش ماددەی 140 لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق.
کەرکوک لە دیدی سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، مەسەلەیەکی گرنگی ستراتیژییە و سازشی لەسەر ناکرێت. ئێمەش ھەمان ڕوئیامان ھەیە و دەبێت لەو چوارچێوەیە‌شدا بە پلانێکی نیشتمانییانەوە و دوور لە موزایەدە کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای کەرکوک و ناوچە‌ جێناكۆكە‌كانی تر بكە‌ین.
کەرکوک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی پیرۆزی کوردستان و خۆمان بەخاوەنی راستەقینەی کەرکوک دەزانین، چۆن باوک و باپیرانمان جێیان نەھێشت و قوربانییان بۆ داوە، ئێمەش جێی ناھێڵین و پارێزگاری لە کوردبوونمان و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە و پێکھاتە و ئاینزاکان دەکەین، ئاشتی کۆمەڵایەتی لەو شارە لەپێشینەی کارەکانمان دەبێت.
لەم ڕۆژە مێژووییەدا پەیمانی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە هەمیشە هەڵگری پەیام و ڕێبازی سەرۆک مام جەلال بین و هەڵگری خەمی نەتەوە و زمان و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بین و مێژووی درەوشاوە و پڕ لە سەروەری سەرۆک مام جەلالیش دەکەینە سەرمەشقی خۆمان و بە ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانین.
لەم ڕۆژەدا سڵاوو وەفا دەنێرین بۆ گڵکۆی رابەر و سەرکردە سەرۆک مام جەلال وبەڵێنیش دووپات دەکەینەوە هەمیشە پارێزەر و پێشمەرگەیەکی بە ئەمەک و سەر راستی رێبازە پیرۆزەکەی سەرۆک مام جەلال بین و تا دوا هەناسەمان بەرگری لە کوردستانیی بوونی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بکەین.

مەڵبەندی(17)ی ڕێکخستنی ڕۆژئاوای کەرکوك.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP