سه‌رۆكی ئه‌رمینیا سوپا به‌ كوده‌تا تۆمه‌تبار ده‌كات و مۆسكۆش داوای ئارامگرتن له‌ لایه‌نه‌كان ده‌كات

جیهان
10:27 - 2021-02-25

دوای داواكارییه‌كانی سوپای ئه‌رمینیا بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك وه‌زیران، سوپاسالاری له‌ پۆسته‌كه‌ی دوورخسته‌وه‌و به‌ هه‌وڵدان بۆ كوده‌تا تۆمه‌تباری كرد.

نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌رسوپای وڵاته‌كه‌ی، كه‌ داوای كرد ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌،  سوپاسالاری لەکار دورخستەوە و ئه‌و داوایه‌شی وەک هەوڵێک بۆ کودەتای سەربازیی له‌ قه‌ڵه‌م دا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە له‌ بەیاننامەیەکەدا، دەستەی ئەرکانی سوپای ئەرمینیا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ و‌ ئیمزای زیاتر لە 40 فەرماندەی باڵای سەربازی له‌سه‌ره‌، داوا دەکات نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا و حکومەتەکەی دەستلەکاربکێشنەوە.

لەبەیاننامەکەدا کە ئۆنیک غاسباریان سوپاسالاری ئەرمینیا و جێگرەکانی ئیمزایان لەسەر کردوە، بڕیاری حکومەت بۆ گۆڕانکاری لەدەستەی سەربازیدا و لابردنی جێگری یەکەمی سەرۆک ئەرکان، بەهەنگاوێکی "بێ پاساو و نابەرپرسیارانە" ناوبردوە و جەختکراوەتەوە لەوەی حکومەتەکەی نیکۆل پاشینیان لەئاست بەرپرسیاریەتی قۆناغەکەدا نیە.
لای خۆیەوە نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا بەیاننامەکەی سوپای وڵاتەکەی بە "هەوڵێک بۆ کودەتای سەربازی" ناوبرد و داوای لەلایەنگرانی کرد بڕژێنەسەر شەقام و لەبەردەم بارەگای حکومەت خۆپیشاندان سازبکەن.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، كۆشكی كرملین، نیگه‌رانی خۆی له‌ دۆخی ئه‌رمینیا، ده‌ربڕی، كه‌ به‌ هاوپه‌یمانیی ستراتیژی و هه‌میشه‌یی روسیا ئه‌ژمارده‌كرێت.
له‌و باره‌یه‌وه‌، دیمتری بیسكۆف وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی روسیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌، وڵاته‌كه‌ی به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ، چاودێریی دۆخی ئه‌رمینیا ده‌كات.
هه‌روه‌ك داوای هێوركردنه‌وه‌و ئارامگرتنی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌و وڵاته‌دا كرد.

 

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP