نەتەوە یەكگرتوەكان: بەهۆی جەنگەوە ژمارەی دانیشتوانی ئۆكرانیا هەشت ملیۆن كەس كەمیكردووە

جیهان
10:19 - 2024-10-23


سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتوەكان ڕایگەیاند، لە سەرەتای هێرشەكانی ڕوسیاوە، ژمارەی دانیشتوانی ئۆکرانیا بە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس کەمیکردوە، ئەوەش بەهۆی کۆچی بەرفراوانی دانیشتوانەكەی و دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی لەدایکبون، جیا لەوەش دەیان هەزار كەسی دیكە كوژراون.
فلۆرانس باوەر، بەڕێوەبەری بەشی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست لە سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، لەم ماوەیەدا هیچ سەرژمێرییەکی دانیشتوان ئەنجام نەدراوە، بەڵام چەند پێوەرێک دەریدەخەن کە ژمارەی دانیشتوانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "خەمڵاندنەکان دەریدەخەن کە ژمارەی دانیشتوانی ئۆکرانیا بە بەراورد بە ساڵی 2014 نزیکەی 10 ملیۆن کەس کەمیکردوە، هەروەها لە دوای لەشکرکێشی سەربازیی ڕوسیاشەوە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس کەمیکردوە".
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتوەكان باسی لەوەشكرد، ئۆكرانیا لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە بەرەو پیربون دەچێت، چونكە رێژەی لەدایكبونی مناڵ زۆر كەمە، هەروەها نزیكەی شەش ملیۆن و 700 هەزار هاوڵاتییانی ئۆكرانی وڵاتەكەیان بەجێهێشتوە و ئاوارە بونە و جیا لەوەش دەیان هەزار كەسی دیكەش كوژراون.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP