عیماد ئەحمەد: پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەم قۆناغەدا بۆ کورد چارەنووسسازە

کوردستان
14:27 - 2024-11-17

عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هوشیاری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گرنگی پرۆسەی سەرژمێری و بەشداری کورد و کاریگەریی لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عیراق رایگەیاند: پرۆسەی سەرژمێری گشتی بۆ عیراق گرنگە بە تایبەت لەم قۆناغەدا بۆ کورد چارەنووسسازە بۆیە ئەرکی هەمووانە بە گڕوتینی کوردانەمانەوە بەشداری بکەین و سەریبخەین تا بتوانین پێگەی کورد بەهێزتر بکەین و هاوسەنگی هێز لە عیراق بە شێوەیەک رێکبخەینەوە کە لەبەرژەوەندی هەرێمەکەمان و پاراستنی مافەکانماندا بێت.

عیماد ئەحمەد لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی ئەم پرسە لە ناوچە دابڕێندراوەکانمان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ کورد زۆر گرنگترە چونکە پەیوەستە بە پرسی کورد و خاک و نەتەوەوە بۆیە لەپێناو ئایندەی کوردبوونمان لەو سنورانە ئەرکمانە پەرۆشانە بەشداری تێدابکەین و سەنگی کورد بە سەربەرزییەوە دەربخەین چونکە ئەم هەنگاوە پشتیوانێکی باش دەبێت بۆ پاراستنی ناسنامەکانمان و کوردستانی بوونمان و رێگرکردن لەو بیرە شۆڤێنییانەی مەرامیانە ئارامی و پێکەوەژیان بخەنە مەترسییەوە لەورووە داوای لەهەموو ئەو کەسانەش کرد کە نیشتەجێی پارێزگاکانی هەرێمن و خەڵکی  ناوچە دابڕێندراوەکانن ئەم چەند رۆژە بگەڕێنەوە خاکی باوباپیرانیان و بەشداری سەرژمێری بکەن و بوونی خۆیان بسەلمێن لەپێناو پارێزگاری کردن لە کوردستانی بوونی ناوچەکانمان و  بەهێزترکردنی پێگەی کورد، چونکە دڵنیاین تا دەنگی کورد دلێر تر و بەهێزتربێت ئارامی و ئاسایش زیاتر لەو سنورانە پارێزراوتر دەبێت  و ئەو کەلتووری برایەتی و پێکەوەژیانەشی کەلەنێوان هەموو نەتەوەو پێکهاتەکاندا هەیە پارێزراوتر دەبێت.

عیماد ئەحمەد زیاتر لەسەر ئەم پرسە دواو روونشیکردەوە پرسی سەرژمێری پەیوەست نییە بە هیج حزب و لایەنێکەوە بەڵکو بۆ ئێمەکورد بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شەڕی دیموکراسیانەمانە لە پێناو پاراستنی خاک و زمانەکەمان بۆیە داوا دەکەین لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەکگرتووی کاربکەن بۆ سەرخستنی ئەم پرسە  بە ویستی گەلەکەمان 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP