ئەمریکا ماوەی لێخۆشبوونی هەناردەی کارەبای
ئێرانی بۆ عێراق بۆ 120 رۆژی دیکە درێژکردەوە.
ڤیدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی
ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری درێژکردنەوەی لێخۆشبوونەکە رێگە بە عێراق دەدات، تاوەکو
چوار مانگی دیکە، کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکات.
وتیشی، لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو ئەمساڵ، ئەمریکا
23 جار ماوەی لێخۆشبوونى بۆ هەناردەی کارەبای ئێران بۆ عێراق درێژکردۆتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی
کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پەلەکانی گەرماو راگرتنى هەناردەی گازی
ئێران بۆ عێراق بۆ ماوەی 15 رۆژ، پێنج هەزارو 500 مێگاوات بەرهەمی کارەبا لە عێراق
کەمیکردووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش رێککەوتنی هەناردەی گازی تورکمانستان
بۆ عێراق لە هەنگاوەکانی کۆتاییدایە.
دەشڵێت، بڕیارەکە لەکاتێکدایە، عێراق لە هەوڵدایە
بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوخۆدا.
هەناردەى گازى ئێران بۆ عێراق لە ساڵی 2017ـەوە
دەستیپێکردووەو تاوەکو ئەمساڵ، عێراق بڕی 52 ملیار مەتر سێجا گازى بە بەهای 10
ملیار دۆلار لە ئێران کڕیوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP