دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاماری كاروچالاكییەكانی ساڵی 2024 ی لەبارەی ماددەی هۆشبەرەوە خستەڕو و بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت: "لەساڵی 2024 دا هەزارو 19 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیر بكەن و زیاتر له 3 تۆن ماددهی هۆشبهرش دهستیبهسهرداگیراوه، لەبەكارهێنان و بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەر، سلێمانی پاكترین شاری عیراقە".
عەقید سەلام عەبدولخالق بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"لەچوارچێوەی كارو چالاكییەكانماندا، لەساڵی 2024 دا توانیومانە هەزارو 19 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیر بكەین كە 523 تۆمەتباریان بەكارهێنەرو 452 تۆمەتباریشیان بازرگان بوون، هاوكات لەو ژمارەیە 14 تۆمەتباری بازرگانی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەری تێدایە".
راشیگەیاند: "تۆمەتباران كە 49 كەسیان لەڕەگەزی مێن و 970 تۆمەتباریشیان لەڕەگەزی نێرن، تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 64 ساڵیدایە، هەر لەچوارچێوەی چالاكییەكانماندا توانیومانە 3 تۆن و 24 كیلۆو 600 گم ماددەی هۆشبەر لەجۆرەكانی كریستاڵ و هیرۆین و حەشیش و چەندین جۆری دیكە، لەگەڵ 121 هەزارو 330 دەنك حەبی هۆشبەر دەستیانبەسەردا بگیرێت".
عەقید سەلام عەبدولخالق وتیشی: "هێزەكانمان لە 12 مانگی رابردوودا 23 چالاكی هاوبەشیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی دیكەی عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، هەروەها توانیومانە 25 تۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر هەڵبوەشێنینەوە كە بەنیاز بوون هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی بكەنە ترانزێت بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكانیان".
ئاماژەی بەوەشكرد: "بەشەونخونی هێزەكانمان، جێی دڵخۆشییە كە لەمساڵدا شاری سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق لەبارەی ماددەی هۆشبەرەوە بەپاكترین شار دیاریكراوە، كەبێگومان ئەمەش تەنها بەهەوڵی هێزەكانی ئاسایش نەبووە، بەڵكو هاوكاری و هەماهەنگی خەڵك و كەناڵەكانی راگەیاندن و زانكۆو ناوەندە ئەكادیمییەكان و رێكخراوەكان نەبوونایە، نەدەبووینە پێشەنگی عیراق لەكەمی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەر".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەكۆتایی وتەكانیدا ئەوەشی راگەیاند: "بەداخەوە هەندێك كەناڵی نابەرپرس بەهەناسەی حزبی و نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە نیشتمانییە دەكەن، داوایان لێدەكەین پابەندی پرەنسیب و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانیان بن و بەرپرسانە كاربكەن، چونكە روبەڕوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەهەموو جیهاندا وەك پرسێكی نیشتمانی لێی دەڕواندرێت و ئەركی راگەیاندنەكانە نیشتمانیانە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP