لەتیف نێروەیی: سەردانەکەی سەرۆک بافڵ بۆ بەغدا بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی لێکەوتەوە

کوردستان
15:56 - 2025-04-15


دوایین سەردانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغداو کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمارو سەرۆک وەزیران و هێزو لایەنەکان بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی لێکەوتەوە، هاوکات لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیش دەڵێت: "سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراقیش بۆ سلێمانی سەلمێنەری سەنگینی یەکێتییە لە ناوچەکە وەک هێزێکی سیاسی کە رۆڵی باڵای لەیەکڕیزیی لایەنەکان لەهەرێم و عیراق هەیە ".

یەکێتی داکۆکیکار و پارێزگاریکاری مافی هەڵەبجەییەکان بووە
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کەناڵی گەلی کوردستانی راگەیاند: "هەمیشە یەکێتی داکۆکیکارو پارێزگاریکاری مافی هەڵەبجەییەکان بووەو وەک چۆن لە رابردوودا بە خوێن لە زوڵم و زۆرداری تیرۆرستانی پاککردوەتەوە، لە قۆناغی دواتریشدا دەستی ئاوەدانی بۆ درێژکردوەو جگە لە خزمەتگوزارییەکان چەندین ناوەندی ئەکادیمی گرنگی وەک زانکۆ و پەیمانگاکان لێکردۆتەوە، ئەم هەوڵانەش بەردەوامی هەبوەو کۆتا سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بۆ بەغدا، دواهەوڵی یەکێتی بووە کەبووە هۆی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە".

"یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانی سەرۆک بافڵ بۆ بەغدا کۆتایی هێنانبوو بە پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بۆ ئەمەش جگەلە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیران سەردانی زۆربەی سەرکردەی لایەنە سونە و شیعەکانی لەبەغدا کردوو پشتیوانی بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەدەستهێنا، لەم روانگەیەشەوە دەتوانین بڵێین سەردانەکەی سەرۆک بافڵ بۆ بەغدا سەرکەوتوو بووە"، لەتیف نێروەیی وای وت.

ئەوەشی راگەیاند: "لەئەمڕۆ بەدواوە دەتوانین باشتر خزمەتی هەڵەبجەییەکان بکەین و تاڕادەیەک برینەکانیان ساڕێژ بکەین، هەروەها ئەرکی حکومەتی هەرێمە خزمەتگوزاری و هەلی کاری زیاتر بۆ پارێزگاکە دابین بکات و دامەزراوە حکومییەکان دەستکراوەتر بکات، هاوکات دەتوانرێت ئیستحقاقی زیاتر بۆ هەڵەبجەییەکان لە عیراقەوە دەستەبەر بکرێت و دەستی ئاوەدانی زیاتری بۆ درێژ بکرێت".

یەکێتی لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال هەوڵی یەکڕیزیی داوە
لەبارەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق بۆ سلێمانی و کۆبونەوەی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەتیف نێروەیی وتی: "سلێمانی ناوەندێکی گرنگی بڕیاردانی سیاسییە لەهەرێم و عیراق و زۆرجاریش لە ناوچەکە، هاوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش هێزێکی سەنگینە لە ناوچەکە و رۆڵی باڵای هەیە لەیەکڕیزی لایەنەکان لەهەرێم و عیراق، ئەمەش ئەو خاڵە جەوهەرییانەن کە هیچ بڕیارێکی سیاسی بەبێ یەکێتی و سلێمانی نادرێت، کە هەمیشە یەکێتی لەسەر رێبازی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال هەوڵی یەکڕیزی داوە".

"لەگەڵ سوپاسمان بۆ یەکڕیزی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، پێویستە سوپاسی هەندێک لە فراکسیۆن و پەرلەمانتارە عیراقییەکان بکەین کە هاوکاری کورد بوون بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بە پاریزگابوونی هەڵەبجە، لەمەشەوە ئەوەمان بۆ زیاتر روندەبێتەوە کە هەرکاتێک کورد لە بەغدا یەکدەنگ بێت دەستکەوتی زیاتری دەبێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP