ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

جیهان
11:03 - 2025-05-13

سەرەڕای بەردەوامی دانوستانی نێوان هەردوو وڵات، ئەمریکا لەبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند.

سزا نوێیەکانی ئەمریکا سێ هاووڵاتیی ئێرانی و کۆمپانیایەکی گرتووەتەوە، کە پەیوەندییان بە رێکخراوی داهێنان و لێکۆڵینەوەی بەرگریی تارانەوە هەیە.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو و چالاکیی توێژینەوە دەکات، کە تایبەتن بە چەکی ئەتۆمی و سیستەمی گەیاندنی ئەتۆمی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران تاکە وڵاتە لە جیهاندا، خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە، بەڵام یۆرانیۆمی تا 60 لەسەدا پیتاندووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە ئێران و ئەمریکا لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و چەند پرسێکی تر، دواین گەڕی گفتوگۆی هەردوو وڵاتیش لە شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو.

عەباس عێراقچی دوای کۆبوونەوەی رۆژی شەممە رایگەیاند، گفتوگۆی هەردوو وڵات قورس بوون، بەڵام لەهەمان کاتدا بەرهەمداربوون، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP