ئەمڕۆ13ی5ی2025 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، سەردانه چواوهڕوانكراوهكهی بۆ سعودیە و ئیمارات و قەتەر دەستپێکرد و لەیەکەم وێستگەشیدا گەیشتە ریازی پایتەخت و رێكهوتنێكی هاوبهشی ئابووری ستراتیژیی لهگهڵ شازادهی جێنشینی سعودیه ئیمزاكرد.
فڕۆکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانی ئەندرۆزەوە بەرەو ریازی پایتەختی سعودیە بەرزبووە، سەردانەکەش هاوکاتە لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەیەکی ئیسرائیلی – ئەمریکی، کە حەماس لە کەرتی غەزەوە رادەستی خاچی سوری نێودەوڵەتی کرد، هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و وەستانی جەنگی پاکستان و هندستان کە بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەست راگەیەندرا.
ترەمپ یەکەمجارە دوای وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی، سەردانی دەرەوەی وڵات دەکات، دوای سەردانە کورتەکەی بۆ رۆما و بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیسی ڤاتیکان، پێش هەشت ساڵ لەمەوپێش و لە یەکەم ویلایەتی سەرۆکایەتییەکەیدا، بەهەمان شێوە سعودیەی وەک یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵات هەڵبژارد.
ترەمپ لەو سەردانەیدا، مەبەستییەتی چەندین رێککەوتننامەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ئیمزا بکات، هەروەها پێش رۆیشتنیشی رایگەیاند:"شازادەی جێنشین کەسێکی باشە، داوای لێدەکەم بڕی پارەکانی بۆ ئێمە زیاد بکات و بگاتە نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلار، پێم وایە ئەو کارە دەکات، چونکە ئێمە دەیانپارێزین"، وتیشی:" سەردانەکەمان مێژوویی دەبێت"، لەبەرامبەریشدا سعودیە چاوی لە کڕینی فڕۆکەی ئێف-35ی جەنگیە، لەگەڵ وەرگرتنی سیستمی بەرگری پێشکەوتوو.
بهپێی میدیاكانی سعودیه محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینیی سعودیە و دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ریازی پایتەختی سعودیە رێککەوتنێکی هاوبەشیی ئابووریی ستراتیژییان ئیمزاکرد.
سەبارەت بەڕێككەوتنەكەش بەرپرسێکی سعودیە کە سەرپەرشتیی رێككهوتنهکەی کردووە رایگەیاندووه: رێككهوتنهكه هاوبەشییەکی ئابووریی ستراتیژی"یە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی نێوەڕۆکەی رابگەیێنێت.
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک ترەمپ لە پەراوێزی سەردانەکەیدا، لە ریازی پایتەخت چاوی بە سەرکردەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو بکەوێت، لەنێویشیاندا سعودیە و ئیمارات و کوەیت و بەحرەین و سەڵتەنەی عەمان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP