خەرجییەکانی عێراق گەیشتووەتە 37.6 تریلیۆن دینار

ئابوری
10:16 - 2025-07-03


وەزارەتی دارایی عێراق خشتەی خەرجییەکانی بۆ چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، کە مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئادار و نیسان دەگرێتەوە.
لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، خەرجییەکانی عێراق گەیشتووەتە 37.6 تریلیۆن دینار، کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار 4.4% زیادیکردووە، لەکاتێکدا داهات لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 28 تریلیۆن دینار بووە و بەراورد بە پار 34% کەمیکردووە.
خەرجیی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 37 تریلیۆن و 631 ملیار و 852 ملیۆن و 392 هەزار و 698 دینار بووە.

 لەم بڕە، خەرجیی بەکارخستن کە تایبەتە بە مووچە و خەرجییەکانی دیکەی وەزارەت و دەستەکان گەیشتووەتە 35 تریلیۆن و 293 ملیار و 670 ملیۆن و 618 هەزار دینار، کە دەکاتە 93.6%ی تێکڕای خەرجییەکان بۆ ئەو ماوەیە.
 هەروەها خەرجیی وەبەرهێنان لەو چوار مانگەدا دوو تریلیۆن و 338 ملیار و 181 ملیۆن و 774 هەزار و 617 دینار بووە، کە دەکاتە نزیکەی 6.4%ی تەواوی خەرجییەکان.
 زۆرترین خەرجی لە پشکی وەزارەتی دارایی عێراق بووە کە 8.3 تریلیۆن دینار بووە، وەزارەتی ناوخۆش لە ریزبەندیی دووەمدا بووە بە 4.4 تریلیۆن دینار.

 بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024، خەرجیی عێراق زیادیکردووە. بڕی زیادکردنەکە یەک تریلیۆن و 574 ملیار و 842 ملیۆن و 961 هەزار و 965 دینار بووە، بەوپێیە خەرجییەکان 4.4% بەراورد بە هەمان ماوەی پار زیادیکردووە.
خەرجیی هەرێمی کوردستان لەو چوار مانگەدا چوار تریلیۆن و 117 ملیار و 485 ملیۆن و 644 هەزار و 441 دینار بووە، کە سەرجەمی بۆ بودجەی بەکارخستن (مووچە) بووە و دەکاتە 10.9%ی تێکڕای خەرجیی ئەو چوار مانگە.
 بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، خەرجیی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی خشتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، یەک تریلیۆن و 31 ملیار و 148 ملیۆن و 559 هەزار و 760 دیناری زیاد کردووە.
 بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024، خەرجیی هەرێمی کوردستان 891 ملیار و 865 ملیۆن و 497 هەزار و 882 دینار زیادیکردووە.

تێکڕای داهاتی عێراق لەو چوار مانگەدا 28 تریلیۆن و 55 ملیار و 781 ملیۆن و 571 هەزار و 987 دینار بووە. لەم بڕە، 24 تریلیۆن و 944 ملیار و 948 ملیۆن و 978 هەزار و 749 دیناری داهاتی نەوت بووە، کە دەکاتە 88.9%ی سەرجەم داهاتەکان.
داهاتی نانەوتی لەو چوار مانگەدا سێ تریلیۆن و 11 ملیار و 832 ملیۆن و 593 هەزار و 238 دینار بووە، کە دەکاتە 10.1%ی تێکڕای داهاتی ئەو چوار مانگە.
لەم ماوەیەدا بڕی 199 ملیار و 346 ملیۆن و 211 هەزار و 877 دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان هەژمار کراوە، کە رادەستی بەغدا کراوە.

بەراورد بە داهاتی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024، داهات 14 تریلیۆن و 699 ملیار و 627 ملیۆن و 630 هەزار و 524 دینار کەمیکردووە و کەمبوونەوەکە 34.1% بووە.
 زۆرترین کەمبوونەوە لە داهاتی نەوتدا بووە، کە بڕەکەی 13 تریلیۆن و 81 ملیار و 693 ملیۆن و 214 هەزار و 282 دینار بووە و دەکاتە 89%ی کۆی کەمبوونەوەکە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP