دەستەی گشتیی گومرگى عێراق دەڵێت، لەگەڵ تیمی نیشتمانیی
ئەسیکۆدا و شاندێکی هەرێمی کوردستان تاوتوێی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری پێناسى
نوێى گومرگ و هەنگاوەکانی یەکخستنی دامەزراوەیی و رێکارە گومرگییەکانیانى نێوانیان
کردووە و قۆناخی داهاتووش بەستنەوەی راستەوخۆ و ئاڵوگۆڕی "دەستبەجێی"
زانیاریی گومرگی لەنێوان هەردوولا بەخۆیەوە دەبینێت.
بە گوێرەى راگەیێندراوى دەستەى گشتیى گومرگى عێراق،
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی
کردووە کە شاندێکی وەزارەتى ناوخۆ و گومرگی هەرێمی کوردستان و تیمی نیشتمانیی پڕۆژەی
ئەسیکۆدا تێیدا بەشداربوون، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی یەکخستنی دامەزراوەیی
و رێکارە گومرگییەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو کۆبوونەوەیە بۆ
تاوتوێی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (270)ـی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیرانى
عێراق بووە.
ئەو بڕیارە لە یەکى حوزەیرانى 2025 کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە
و گۆڕانکارى لە نرخى گومرگى کاڵا هاوردەکراوەکان کرد و زۆربەیان زیادکران.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگى عێراق رایگەیاند:
"قۆناخی داهاتوو بەستنەوەی راستەوخۆ و ئاڵوگۆڕی دەستبەجێی زانیاریی گومرگی لەنێوان
هەردوولا بەخۆیەوە دەبینێت، لە رێگەی سەکۆیەکى ئەلیکترۆنیى یەکگرتووەوە کە بەشدار
دەبێت لە خێراکردنی رێکارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت و بەدیهێنانی دادپەروەری
لە هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی کاڵاکان".
تاوەکو ئێستا ئەو پێناسە گومرگییەى عێراق لە هەرێمى
کوردستان جێبەجێ ناکرێت، بەهۆى رێکنەکەوتنى هەردوولا لەسەرى بۆ یەکخستنى.
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، نوێنەرانى هەردوولا رێککەوتن
لەسەر پێکهێنانی تیمی تەکنیکی پسپۆڕ لە هەردوولا کە ئەرکی هاوئاهەنگی تەکنیکی دەبێت
و کار لەسەر تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان دەکات بۆ گەیشتن بە راگەیاندنی سیستمێکی یەکگرتوو
لەسەر ئاستی عێراق کە پشتگیری لە سەروەریی ئابووری بکات و متمانەی دامەزراوەیی بەهێز
بکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP