ئیسرائیل هۆشداری دەداتە سووریا

جیهان
11:21 - 2025-07-15

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە ئەو هێرشانەی سوپا کردیە سەر باشووری سووریا، "هۆشدارییەکی ڕوونە بۆ ڕژێمی سووریا" بۆ ئەوەی درووزەکان نەکاتە ئامانج.

یسرائیل کاتز، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی؛ "هێرشەکانی ئیسرائیل پەیامێکی ڕوون و هۆشدارییەک بوون بۆ ڕژێمی سووریا. ئێمە ڕێگە نادەین زیان بە درووزەکانی ناو سووریا بگات، ئیسرائیل بە بێدەنگی سەیر ناکات و ناوەستێت".

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "هێرشێکی کردووەتە سەر ئامانج و چەند تانکێک لە گوندی سەمیع لە پارێزگای سوەیدا".
سوپای ئیسرائیل، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە، تێیدا تانکێک لە ناوچەی نێوان کێڵگە و سەمیع تۆپباران دەکات، کاتێک بەرەو سوەیدا لە باشووری سووریا پێشڕەوی دەکات.

وتیشی، "بوونی ئەو ئامرازانە لە ناوچەی باشووری سووریا دەتوانێت ببێتە مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش ڕێگە بە هەڕەشەی سەربازی لە ناوچەی باشووری سووریا نادات و دژی ئەو هەنگاوە دەجووڵێتەوە و بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە".

دوێنێ دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی گرژییەکانی سوەیدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، جەخت لە پەیوەست بوونمان بە بژاردەکانی حیکمەت و لێزانی و دانبەخۆداگرتندا دەکەینەوە، هەروەها داوا لەلایەنە ناوخۆییەکان دەکەین لۆژیکیانە مامەڵە بکەن و کۆتایی بە توندوتیژی بهێنن و ئەو چەکانە ڕا دەست بکەن، کە لە دەرەوەی یاسان.

باسی لەوەش کردووە، نابێت ڕێگە بەو کەسانە بدەین کە دەیانەوێت یەکێتیی سووریا تێک بدەن و دووبەرەکی و ململانێ لە وڵاتەکە دروست بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەختیشی کردووەتەوە، داوا لە هەموو وڵاتان و ڕێکخراوەکان دەکەین ڕێز لە سەروەری سووریا بگرن، دەست لە پشتگیریکردنی گرووپە یاخی بووە جوداخوازەکان هەڵگرن.

لای خۆیەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، لە ڕۆژی یەکشەممەوە ژمارەی کوژراوانی شەڕی چەکداری درووز و بەدەوی لە پارێزگای سوەیدا بۆ 64 کەس بەرزبووەتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP