کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەچوو کە هەرێم بە قەیرانی دارایدا تێدەپەڕێت و دوورکەوتنەوەش لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بوونی هەیە، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یش رایدەگەیەنێت:" کاتی کۆبوونەوەکە گونجاو بوو، گرنگە قەیرانەکان بە خەباتی هاوبەش تێپەڕێنین و لە رێگای دەستورەوە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین".
نەبوونی مووچە بارگرانییەکی زۆری بۆ مووچەخۆران دروستکردووە
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کەناڵی کەرکوکی رایگەیاند:" بێگومان کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەلومەرجێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، هەروەها مووچەی فەرمانبەرانیش بووەتە کێشەیەکی کاریگەر، کە بارگرانییەکی زۆری بۆ مووچەخۆران دروستکردووە، لەئێستاشدا پەرتەوازەییەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکان بە بەشداربووانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیشەوە بوونی هەیە ، بۆیە کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی باڵا گرنگییەکی زۆری هەبوو".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لەسەر ئاستی جیهان کاتێک قەیرانێکی سیاسی یان ئابووری و ئەمنی و تەندروستی یان هەر بوارێکی دیکە سەرهەڵدەدات، لەو کاتەدا ناکۆکییە حزبییەکان وەلا دەنرێن و پێکەوە هەمووان دەچنە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە، بۆیە دۆخی هەرێمیش وادەخوازێت لەپاڵ ناکۆکییەکان، خەباتێکی هاوبەشی کۆی لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بێت، بۆیە کاتی کۆبوونەوەکە گرنگ و پێویست بوو".
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتیشیکردەوە:"هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە بەردەوامن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حزب هەوڵێکی زۆریداوە و لە بەرنامەیدایە هەوڵەکانی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیی و حکومییەکان چڕتر بکاتەوە، هەروەها تیمی حکومی و فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان لە هەماهەنگی و هەوڵی بەردەوامدان، چونکە خەمی سەرەکی یەکێتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەیە و پێشتریش هەر هەوڵیداوە، بەڵام بۆ ئەمجارەش گرنگە لە سەر ئاستی باڵا دەست بە کۆبوونەوەکان بکرێن و بەردەوام بین لە دانوستانەکان ".
دەستور وەک خۆی جێبەجێبکرێت
لەتیف نێروەیی داواشیکرد، دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و رایگەیاند:" لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکی دروست لە نێوان هەرێم و بەغدا-دا نییە، هەرچەندە دەستوری عیراق دەرفەتێکی گونجاو و زێڕینی بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان مسۆگەر کردووە، بەڵام ئەم دەستوورە وەک پێویست جێبەجێ نەکرا، هەندێکجار لە بەغدا ئەو بڕگانەی لە بەرژەوەندییان نەبوو جێبەجێیان نەکرد، لە هەرێمی کوردستانیش هەمان رێگا گیرایە بەر، بۆیە پەیامی ئێمە ئەوەیە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێبکرێت و کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێبکرێت، دەبێت لەوە تێبگەین هەرێمێکی بەهێز بەبێ بەغدایەکی سەقامگیر بەهێزییەکەی بەردەوام نابێت، بەغدایەکی بەهێزیش بەبێ سەقامگیری هەرێم نابێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP