پارێزگای سوەیدای سووریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆییی
قووڵ و پەرەسەندنێکی مەیدانیی خێرا بووەتەوە.
دوای دوو ڕۆژ لە پێکدادانی خوێناوی لەنێوان چەکدارە
درووزە خۆجێییەکان و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری کە تا ئێستا بووەتە هۆی
کوژرانی 93 کەس لە ڕیزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا، بە گشتی زیاتر لە 200 کەس
کوژراون، لەنێویاندا دەیان هاووڵاتیی سڤیل و منداڵ هەن.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، شەڕ و پێکدادانێکی
خوێناوی لە نێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و درووزییەکانی پارێزگای سوەیدا
لە سووریا ڕوویدا و سەدان کەس بوونە قوربانی، ڕۆژى سێشەممە، سوپای سووریا چووە نێو
شارەکە، ئەمەش ئیسرائیلی نیگەران کرد و بڕیاری دا هێرش بکاتە سەریان، ئەوەبوو دوو
هێرشی ئاسمانی کردە سەر هێزەکانی سوپای سووریا.
بەگوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دۆخی
مرۆییی شارەکە بە تەواوی داڕماوە؛ کارەبا و ئاو پچڕاون، بازاڕەکان داخراون و مەترسیی
کەمبوونەوەی خۆراک و دەرمان لە ئارادایە. ئەم نائارامییە بووەتە هۆی شەپۆلێکی بەرفراوانی
ئاوارەبوون کە تێیدا خێزانەکان بەکۆمەڵ لە ترسی بۆردوومان و پێکدادانەکان، شارەکەیان
بەرەو گوندەکانی دەوروبەر جێهێشتووە.
بەگوێرەی ڕوانگەکە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری
تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورە، وەک تاڵانکردن و سووتاندنی ماڵی
هاووڵاتیان، هێرشکردنە سەر شوێنی پەرستش وەک کەنیسەی مار میخائیل و سووکایەتیکردن
بە کەرامەتی دانیشتووانی درووز، ئەمەش ئاگری ناکۆکییەکانی زیاتر خۆش کردووە.
سەرەڕای گەیشتنی هێزی پشتیوانیی سەربازیی زیاتر بۆ
دەوروبەری شارەکە، بەڵام دوایین پێشهاتەکان ئاماژە بە کشانەوەی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان
و چەکی قورس لەناو شار دەکەن. ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی ناسەقامگیر دێت لەلایەن
وەزیری بەرگریی حکومەتی ڕاگوزەرەوە.
ئێستا هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە شەقامە سەرەکییەکان
بڵاوەیان پێکراوە، بەڵام ترس لە نوێبوونەوەی پێکدادانەکان وایکردووە، خەڵک بەردەوام
بن لە جێهێشتنی ماڵەکانیان و چارەنووسی ناوچەکە بە نادیاری ماوەتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP