وەزارەتی دارایی عێراق دژی پابەندبوونی دارایی زیاترە
لە رێگەی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی، بەهۆی "کەمیی داهات و کورتهێنانی بودجە"،
ئەنجوومەنی دەوڵەتیش لەگەڵ دروستبوونی ئەکادیمیایەکی سەربازی نییە بۆ ئەو دەستەیە
و دەڵێت: "زۆریی بەڕێوەبەرایەتییەکان هەڵاوسانی دروستکردووە".
ئەو تێبینییانە لە راپۆرتی پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی
شەعبی دا هاتووە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی تەممووز، لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا بۆ
ئامادەکردنی بۆ دەنگدان.
ئەنجوومەنی دەوڵەتیش دەڵێت : هەڵاوسان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانیدا
هەیە
بەگوێرەی راپۆرتی تایبەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی
شەعبی، بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وابووە کە تێبینییان لەسەر زۆریی پێکهاتەکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی
هەبووە، کە سەر بەو دەستەیە دەبن.
ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت، "هەڵاوسان لە پەیکەری
کارگێڕیی دەستەکەدا هەیە، کە پێچەوانەی سیاسەتی حکومەتە بۆ بچووککردنەوەی پەیکەری
کارگێڕی، دەکرێت چەند بەڕێوەبەرایەتییەک لەنێو پڕۆژەکەدا یەکبخرێن."
تێبینییەکی دیکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی ئەوەیە
کە دەستەی حەشدی شەعبی ئەکادیمیایەکی سەربازیی تایبەت بەخۆی هەبێت. ئەو ئەنجوومەنە
دەڵێت: "پشتگیریی بوونی ئەو ئەکادیمیایە تایبەت بە حەشدی شەعبی ناکەین، لەکاتێکدا
ئەکادیمیای سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی هەیە، کە دەکرێت سوودی لێ ببینرێت."
وەزارەتی دارایی عێراق لە تێبینییەکانیدا لە
چوارچێوەی ئەو راپۆرتەدا رایگەیاندووە، کە پشتگیریی ئەوە ناکات ئەو دامەزراوەیە بچێتە
نێو هیچ پابەندییەکەوە کە قورسایی دارایی لەسەر گەنجینەی دەوڵەت زیاد بکات و نەتوانرێت
"لەم کاتەدا" دابین بکرێت.
وەزارەتی دارایی ئەو تێبینییەی بەستووەتەوە بە کەمیی
داهاتی بەردەست و کورتهێنان لە بودجەی گشتی و قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی و سوودی قەرزەکانەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP