نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی عیراق دەقی رێککەوتنی نێوان هەرێم و عیراق بڵاودەکاتەوە

عێراق
21:24 - 2025-07-17

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقدا، بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی پێنج دراو و رێککەوتنی نێوان حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستانیش ئیمزا کرا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وردەكاریی ڕێككەوتنە نوێیەكەی بڵاوکردەوە، بەپێی رێککەوتنەکە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە كۆمپانیای سۆمۆ، لە بەرامبەر هەر بەرمیلێكدا حكومەتی عێراق بڕی 16 دۆلار بۆ كۆمپانیاكان خەرج دەكات، لە حاڵەتی ئەوەی سۆمۆ نەیتوانی ئەو بڕە نەوتە هەناردەی دەرەوە بكات، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئەو بڕە نەوتە لە هەموو دۆخێكدا بداتە حكومەتی عێراق.

هەر بەپێی لێککەوتنەکە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنێت، خۆی پارەی كۆمپانیاكان دەدات و داهاتی فرۆشتنی بەرهەمەكانی نەوت دەچێتە خەزێنەی حکومەت و لیژنەیەكی هاوبەش چاودێری پرۆسەكە دەكات.

سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، رێککەوتنەکە بەجۆرێکە، هەرێمی كوردستان مانگانە لە داهاتی نانەوتی 120 ملیار دینار ڕادەستی وەزارەتی دارایی عیراق دەكات و لە مانگی پێنجەوە دەستپێدەکات. وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری بە هاوئاهەنگی وەزارتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی بۆ داهاتە نانەوتییەكان دەكەن.

لەسەر پرسی تەوتینیش رێککەوتنەکە پێداگرە و بڕیاریداوە لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی پرۆسەی (تەوتین) پێکبهێندرێت و بە سێ مانگ تەواو ببێت.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP