قوباد تاڵه‌بانی رێككه‌وتنی هه‌رێم و فیدراڵ سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌خاته‌ڕو

کوردستان
12:32 - 2021-04-12


جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران لە‌پە‌رلە‌مانی كوردستان رایگە‌یاند: حكومە‌تی هە‌رێم پابە‌ند دە‌بێت بە‌و ئە‌ركانە‌ی كە‌ لە‌سە‌ریە‌تی لە‌ یاسای بودجە‌ی ٢٠٢١ی عیراق بۆ بە‌دە‌ستهێنانی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی هاووڵاتیان.

ئەمڕۆ 12ی 4ی 2021 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم هاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی وەفدەكە، سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردو لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمانەوە پێشوازییان لێ كرا. 

دواتر وەفدەكە‌ لەگەڵ سە‌رۆكایە‌تی پە‌رلە‌مان و سە‌رۆكی فراكسیۆنە‌كان و لیژنە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان كۆبۆوە بۆ خستنەڕووی ناوەرۆكی ئەو رێككەوتنەی كە وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان ئەنجامیان داوەو جێگیركراوە لەیاسای بودجەی 2021ی عیراقدا.

لەكۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا كەئەم رێككە‌وتنە‌ لەدەرئە‌نجامی كۆبوونەوەكان و لێكتێگەیشتنی نێوانمان بوو كە توانیمان بەڕاست و دروستی زانیارییەكان بگەیەنین و زۆر بەڕاشكاوانە گفتوگۆمان كرد لەسەر پرسەكانی تایبەت بەماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و پرسی بودجە و داهات و خەرجییەكان و چۆنییە‌تی جێگیركردنی بڕگە‌یە‌ك لە‌و یاسایە‌ كە‌ قابیلی جێبە‌جێكردن بێت.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا وە‌ك حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆمان دەربڕیوە بەجێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە ولایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانیشمان راسپاردووە‌ بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌.

دواتر سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان ستایشی هەوڵەكانی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمیان كرد و داوایان كرد ئە‌و یاسایە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هە‌روە‌ها ئامادەبووان سەرنج و تێبینیەكانی خۆیان خستەڕوو، لەبەرامبەردا وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بە وردی وەڵامی هەموو پرسیارەكانیان دایە‌وە‌ كەپەیوەست بوون بەبودجە و دۆخی دارایی هەرێم.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP