په‌رله‌مانتارێك: ئەگەر بەغداش پارە رەوانە بكات مووچەی تەواو دابەشناكرێت

کوردستان
12:50 - 2021-04-12


وەفدی دانوستانكاری هەرێم لەپەرلەمان رایانگەیاند، لێبڕینی مووچە  بەردەوام دەبێت و ئەگەر بەغداش پارە رەوانە بكات حكومەتی هەرێم تەنها گۆڕناكاری لەلێبڕینی مووچەدا دەكات و مووچەی تەواو دابەشناكرێت.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان و بەشدار لەكۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان رایگەیاند: لەكۆبونەوەكەدا وەفدی دانوستانكاری هەرێم باسیان لەناوەرۆكی رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغدا كردو وەك پەرلەمانتاران و لیژنە پەیوەندیدارەكانیش چەندین پرسیارمان ئاڕاستەكردن و ئەوانیش لەوەڵامدا تەئكیدیان لەسەر ئەوەكردەوە كە حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بەو رێككەوتنەی لەگەڵ حكومەتی عیراق كردویەتی.

لەبارەی دابەشكردنی مووچەو كۆتایهێنان بەلێبڕینیش وتی: لەكۆبونەوەكەدا وەفدەكە خۆیان لەوەڵامی ئەو پرسیارە دزییەوە، بەڵام دواجار وتیان لێبڕینی مووچە بەردەوام دەبێت، وتیشیان هێشتا بەرچاومان روون نیە لەبەغداوە چەند پارە دێت، بۆیە هەركاتێك پشكی هەرێم رەوانە كرا ئەوكاتە بەپێی ئەوە گۆڕانكاری لەلێبڕینەكەا بكەین.

وتیشی: وەفدەكە بەهیچ شێوەیەك باسیان لەوە نەكرد كە كۆتایی بەلێبڕینی مووچە بهێنرێت و فەرمانبەران و مووچە خۆران مووچەی تەواو وەربگرن.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەكەدا لە وەڵامی پرسیاری بەشداربوانی كۆبوونەوەكەدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاندوە: ئەگەر حكومەتی عیراق پشكی هەرێم رەوانە نەكات ئەوا دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگەش وەك سێ مانگی رابردووی ئەمساڵ، بەلێبڕینی 21% دەبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP