ئاماری ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكان لەهەرێم بڵاوكرایه‌وه‌

کوردستان
16:28 - 2021-04-12


لەماوەی رابردوودا زیاتر لە 19 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا هێندراونەتە هەرێمی كوردستان،  كه‌ نزیكەی نیوەی لەهاتووچۆی سۆرانی سەر بەپارێزگای هەولێر تۆماركراون. 

سایتی (میلله‌ت) به‌پێی ئه‌و زانیارییانەی كە لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستانەوە دەستی كەوتوە، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردوه‌ كه‌ لە ماوەكانی دواییدا 19 هەزار و 102 ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆی هەرێم تۆمار كراون.

سەرچاوەكه‌ی "میللەت" ئاشكراشی كردوه‌، كە هەزار و 363 ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا لە هاتووچۆی هەولێر تۆماركراون و دوو هەزار و 987 ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا لە هاتووچۆی سلێمانی تۆماركراون.
بەگوێرەی ئامارەكە لە هاتووچۆی دهۆك هەزار و 972 ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا لە هاتووچۆی هەڵەبجە 575 ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا تۆماركراون.

هاوكات لە هاتووچۆی گەرمیان 875 ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا و لە هاتووچۆی راپەڕین دوو هەزار و 568 ئۆتۆمبێل تۆماركراون.

ئەوەی جێی سەرنجە لە هاتووچۆی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر هەشت هەزار و 769 ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا تۆماركراون كە نزیكەی نیوەی ئۆتۆمبێلە بێ‌ سەرەتاكانی هەرێمی كوردستانە.

ئەمەش لەكاتێكدایە زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كەهاوردەكراون لە سنورەكانی پارتییەوە بوون و زۆرینەیش لەو شوێنانەی كە پارتی تێیدا دەسەڵاتدارە تۆماركراون.

ئه‌مه‌ لەكاتێكدایە ئەمرۆ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاندبو، كە زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان لە سنووری سەوزدایە بەم ئامارەیش وەزیری ناوخۆ بەدرۆدەخرێتەوەو بەپێی ئامارەكان زۆرترین ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا لە پارێزگای هەولێرە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP