قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا كۆبووەوە

کوردستان
17:56 - 2021-04-12




قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ماسیو تولەری باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كۆبووەوە و دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریكا و عێراقیان تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ (12 نیسانی 2021) لە هەولێر، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە دیالۆگی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتۆن و جەختیان كردەوە، لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە كە پەیوەندییەكی گشتگیر و هاوسەنگیان هەبێت لە سەرجەم بوارەكانی ئەمنی و سەربازی و كەلتوری و ئەكادیمی و ڕۆشنبیری. 

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا جەخت لە گرنگیی بەشداریكردنی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە لەو دیالۆگە عێراقی ـ  ئەمەریكییە، وەك هەرێمێكی دەستوری لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق. 

لە تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا پشتیوانی وڵاتەكەی دووپات كردەوە بۆ بەردەوامی گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغدا بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانیتر، پاش پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بە رێككەوتنی نێوان هەردوولا. 

شاندەكەی ئەمەریكا كە كونسوڵی گشتی هەولێریش تێیدا بەشداربوو، ستایشی ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی و حكومەتی هەرێمیان كرد بەرامبەر پشوودرێژییان لە دانووستانەكانی بەغدا و داوایانكرد بەهەمان میكانیزم و بەرێگای دیالۆگ هەوڵی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانیتر بدرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP