بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازیکرد لە چانگ تاو، باڵیۆزی چین لە عێراق

کوردستان
13:04 - 2021-06-07

لەدیدارێکدا کە ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئامادەبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنی ھەرێمی کوردستان و بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.
بافڵ تاڵەبانی خواستی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە لەمێژینەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت یەکێتی لەگەڵ چین لەڕووی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و کەلتووری و وتی، دەمانەوێت ھاریکاری و ھەماھەنگییەکان سەرلەنوێ ببوژێنینەوە و ئەو پەیوەندییە دۆستانە مێژووییەی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ کۆماری چین بونیادینابوو درێژەی پێبدەین و ھاوکارمان بن لەپێشخستنی زیاتری ھەرێمەکەمان.

 


ھەر لەدیدارەکەدا وەفدی یەکێتی ئاماژەیان بەھەوڵەکانی پێشخستنی ژێرخانی ئابووری ھەرێم کرد و روونیانکردەوە، دەرفەتی باش رەخساوە بۆ وەبەرھێنان لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی تاوەکو کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی چین ھانبدرێن و بەشداربن لەپێشخستنی ئەو کەرتانە و بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان و ھەموو ھاوکاری و کارئاسانییەکیشیان لەو ڕووەوە دەربڕی.
وەفدەکە سوپاسی ھاوکارییە بەردەوامەکانی چینیان بۆ ھەرێمی کوردستان کرد لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داواشیانکرد ئەو ھاوکارییە تەندروستییانە بەردەوام بێت.
لەبەرامبەریشدا باڵیۆزی چین لە عێراق تەئکیدی لە پشتیوانی ھەوڵەکانی یەکێتی کردەوە و وتی، ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانمان بۆ ھەرێم و عێراق بەردەوام دەبن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP