عیراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی كاره‌با هه‌شت كووره‌ی ناوه‌كی داده‌مه‌زرێنێت

ئابوری
06:39 - 2021-06-09

 
له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاریی و ریشه‌یی قه‌یرانی كاره‌باو به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با، حکومەتی عێراق به‌پێی پلانێك و بەبەهای 40 ملیار دۆلار، هەشت کورەی ناوەکیی داده‌مه‌زرێنێت .

له‌و باره‌یه‌وه‌، ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئه‌مریكی له‌زاری سەرۆکی دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەوەکان، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردوه‌، حکومەتی عێراق نیازی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کارەبا، هەشت کورەی ئەتۆمی دابمه‌زرێنێت کە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 11 گێگاوات کارەبایان هەبێت.

ڕاشیگەیاندوە، بۆ ئەو مەبەستە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیاو کۆریای باشوورو کۆمپانیا حکومییەکانی بواری بەرهەمهێنانی وزەی ناوەکیی دەستی بەگفتوگۆ کردووە.

ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕو كه‌ "بەپێی پێشبینییەکان، ئەگەر تاوەکو ساڵی 2030 نەبن بە خاوەنی وزەی ناوەکیی، ئەوە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی بێ وزەیی دەبێتەوە، بەشێوەیەک بابەتەکە هەر پەیوەست نابێت بەزۆری خواست‌و کەمی وزە، بەڵکو عێراق دەیەوێت ڕادەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان کەمبکاتەوەو بڕێکی زیاتر لەئاوی شیرین لەوڕێگایەوە بەدەستبهێنێت".

هه‌ر ئه‌و بەرپرسە ئاماژەی بۆئەوەشکردووە، ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوە بەڕێککەوتنێکی پێشووتر لەگەڵ کۆمپانیای (ڕووسیا تۆم) بۆ بونیادنانی کورەی ناوەکیی دەکات‌و بەرپرسانی کۆریای باشووریش ئامادەییان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ هاوشێوەی ئەو کورانە، كووره‌ بۆ عێراق بونیادبنێن کە لەوڵاتی ئیماراتی عەرەبی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بونیادیان ناوە، جگەلەوەی بۆ ئەو پڕۆژەیە قسە لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسیی‌و ئەمریکیش کراوە".

لەئێستادا عێراق 18.4 گێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، هەروەک 1.2 گێگاوات کارەبا لەئێرانەوە هاوردە دەکات، پێشبینیشدەکرێت لەمانگی ئابدا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لەعێراق بگاتە 22 گێگاوات، بەڵام عێراق لەدۆخە ئاساییەکاندا پێویستی بە28 گێگاوات کارەبا هەیە، هەروەک لەمانگەکانی تەمموزو ئابدا بەکارهێنانی کارەبا لەعێراق دەگاتە زیاتر لە30 گێگاوات.

هه‌ر ئه‌و بەرپرسە   پێشبینیكردوه‌، تاوەکو ساڵی 2030 خواست لەسەر کارەبا لە عێراق بگاتە 42 گێگاوات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP