په‌رله‌مانتارێك ئاشكرای ده‌كات كه‌ له‌ چ ده‌روازه‌یه‌ك زۆرترین قاچاخچێتیی ده‌كرێت

ئابوری
06:58 - 2021-06-09


ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لەئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند، "دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل لەپارێزگای دهۆک بەراورد بەدەروازە سنوورییەکانی تری عێراق، گەورەترین زیانی بەئابوری عێراق گەیاندووە، هۆكاری ئه‌و زیانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر قاچاخچێتی له‌و ده‌روازه‌یه‌ دەکرێت".

عەلی بەدیری ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردوه‌، "دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل لەپارێزگای دهۆک زۆرترین زیانی به‌ ئابوری عێراق گه‌یاندوه‌، لەبەرئەوەی دەروازەیەکی کۆنترۆڵنەکراوەو بەراورد بەدەروازەکانی دیكه‌ زۆرترین کاری قاچاخچێتی تێدادەکرێت". 

نه‌شیشاردووه‌ته‌وه‌ كه‌، دەروازەکانی تری ناوەڕاست‌و باشوری عێراقیش بەهۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵیی، هێشتا بەتەواوەتیی کۆنترۆڵ نەکراون.

له‌و بڕوایه‌شدایه‌ كه‌"کۆنترۆڵنەکردنی دەروازە سنورییەکان واتا بەردەوامیی کاری قاچاخچێتیی، ئەوەش بەڕوونی لەوەدا دەردەکەوێت کە بڕێکی ئێجگار زۆرکاڵای دەرەکی هاوردەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت".

پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگه‌یاندبو، بەهۆی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن پارت‌و میلیشیا چەکدارەکانەوە، تەنها لە10% داهاتی ئەو دەروازانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP