نرخی نه‌وت له‌ 71 دۆلار نزیكبوه‌ته‌وه‌

ئابوری
09:05 - 2021-06-09


ئه‌مڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان لەبەرزترین ئاستدا لەماوەی دوو ساڵی رابردودا جێگیربو و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 72.64 دۆلار و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكاش بە 70.44 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.

هۆکاری بەرزبونەوەی بەهای نەوت بۆ لێدوانێکی ئەمڕۆی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە رایگەیاند، ئامادە نین گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵگرن، تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە بۆ پابەندبونەکانیشی لەرێککەوتنی ئەتۆمی.


لەلایەکی دیکەشەوە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان رێگەیان بە گەشتیاران داوە کە سەردانی وڵاتانی دیکە بکەن بە مەرجێک کە ڤاکسینی کۆرۆنایان بەکارهێنابێت، هەروەها کارگە پیشەسازییەکان جارێکی دیکە دەستیان بەکارکردوەتەوە ئەوەش بوەتە هۆی بەرزبونەوەی سوتەمەنی.

بەگوێرەی شیکەرەوەکانی بازاری وزە لە ئەمریکا بەهۆی زیادبونی خواست و بەنزمی هێشتنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، پێشبینی دەکرێت تاکۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوتی برێنت لەنێوان 70 بۆ 80 دۆلاردا جێگیربێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP