بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ کاردیناڵ مارلویس ساکۆ کۆبووەوە.
لەدیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەڕۆڵی مەسیحییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد کە بەدرێژایی مێژوو رۆڵێکی گرنگییان بینیووە لە بونیادنانی ئاشتەوایی و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە ناوچەکە.
ھاوسەرۆک روونیشیکردەوە یەکێتی باوەڕی تەواوی بە پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە، پێکھاتە و ئاین و ئاینزاکان ھەبووە و پارێزگاریش لەو تایبەتمەندییە کە یەکێکە لەکۆڵەکەکانی دیموکراسی و گیانی پێکەوەیی لەھەرێم بەئەرکی خۆمانی دەزانین. داکۆکیکارێکی سەرسەختیش دەبین بۆ پاراستنی ماف و داخوازییەکانی مەسیحییەکانی ھەرێم و عێراق کە پێکھاتەیەکی رەسەن و دانەبڕاوی ئەم گەلەن.
لەبەرامبەردا کاردیناڵ مارلویس ساکۆ ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال کرد کە لەرابردوودا چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێكهاتە و لایەنەکان بووە و زیندووکەرەوەی گیانی تەبایی و یەکترقبوڵکردن بووە. راشیگەیاند ئومێدی تەواومان بە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی هەیە کە بتوانێت بە هەمان رۆحییەتی مام جەلال کاربکات و درێژە بەو رێبازە بدات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP