هاوسەرۆكی ی.ن.ك پێشوازیكرد لە كونسوڵی هۆڵندا و وەفدی یاوەری

کوردستان
17:30 - 2021-06-12

لاهور شێخ جەنگی و کونسوڵی گشتیی هۆڵندا لە هەرێم، دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و هەڵبژاردنەکانی داهاتوویان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ شەممە ١٢ـی٦ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە هانس ئاکربووم کونسوڵی گشتیی هۆڵندا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ یان تین هۆڤ راوێژکاری سەربازیی لە کونسوڵخانەی هۆڵندا لە هەرێم.
لە دیدارێکدا کە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی ئامادەی بوو، جەختکرایەوە لەسەر خستنەگەڕی هەوڵەکان و پێویستیی یەکخستنی ڕیزەکان و کۆدەنگی نیشتیمانیی نێوان سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییانەی کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان.
لاهور شێخ جەنگی تەئکیدی لە هەڵوێستەکانی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و پابەندبوونی هەردوولا بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان.
هاوکات ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە بە ڕەچاوکردنی بنەمای هاوسەنگی، ڕاشیگەیاند: بوونی یەک هێزی نیشتمانیی پڕچەک و مەشقپێکراو بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان گرنگە و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکەین. لەو ڕووەشەوە پێزانینی پێشکەش بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە لەو پێناوەدا هەنگاوی گرنگیان ناوە.
لە بەشێکی تری دیدارەکدا ئاماژە بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی چەکدارانی داعش کرا و جەخت لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە کرایەوە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ئەو خانە نوستووانەی داعش.
هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی نیگەرانی خۆی دەربڕی بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان کە بەم دواییە لە سەر سنوورەکانی هەرێم و تورکیا هاتونەتە ئاراوە، وتیشی: نابێت ڕێگە بدەین سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر بخرێتە مەترسییەوە، دووپاتی کردەوە گرتنەبەری شەڕ و ڕێگەی سەربازی کێشەکان چارەسەر ناکات، پشتیوانیی ڕێگەی ئاشتی و زمانی دیالۆگین بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان. وتیشی ئێمە ڕامانگەیاندووە کە بە هەموو شێوەیەک دژی شەڕی براکوژین.
لە کۆتایی دیدارەکەدا هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقی بە گرنگ زانی، بۆ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و بەدیهێنانی ئامانجەکان و وتی: وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هانی هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەدەین بێنە ژێر چەتری لیستی هاوپەیمانی کوردستان کە لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێکهێنراوە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت یەکدەنگیی کورد لە بەغدا بپارێزین و لە ڕێگەی خەباتی پارلەمانییەوە تەواوی مافەکانی گەلی کورد بە دەست بهێنین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP