سلێمانی ــ فیلمی سینەمایی رێگای مەرگ نمایش ده‌كرێت

کلتور
18:14 - 2021-07-01


فیلمی سینەمایی رێگای مەرگ کە باس لە ئاستەنگەکانی سەررێی کۆچی گەنجان دەکات بەرەو ئەوروپا لە چەند رۆژی داهاتوو لە سلێمانی نمایش دەکرێت.

لەو بارەیەوە هونەرمەند رێبوار محەمەد دەرهێنەری رێگای مەرگ  وتی: ئەم فیلمە باس لە کۆچی گەنجان دەکات بەرەو ئەوروپا و لەرێگەی فیلمەکەوە باس لەو ئاستەنگانە دەکات کەدێتە سەر رێی هەرکەسێک کەدەیەوێت وڵاتی خۆی بەجێ بهێڵێت.

وتیشی: ئەم فیلمە بەهەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەهۆی نەخۆشییەوە یان بەهۆی گوزەرانی خراپەوەو بێ کاری و یاخود کەسانی دەوڵەمەندیش کە دەیانەوێت سەفەر بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: ماوەی فیلمەکە سەعاتێکە و سیناریۆ و دەرهێنانی خۆمە و وێنەگرتنی ئەکرەم ئەنوەر و شەهرام تەهایە و کاری مۆنتاژی باوەڕ رەفیق کردویەتی.

فیلمەکە رۆژانی هەینی و شەممە رێکەوتی ٢ و ٣ی ٧-٢٠٢١ لە سەعات ٤ و ٣٠ دەقیقەی ئێوارە لە هۆڵی سینەمای ئەمنەسورەکە لە سلیمانی نمایش دەکرێت و هاتن بۆ هەموانە.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP