په‌رله‌مانی عیراق كارده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی به‌رهه‌مه‌كانی جوتیاران

ئابوری
19:00 - 2021-07-15

 
بەمەبەستی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكشتوكاڵیەكانی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عیراق،  ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵی جێبەجێكردنی داخوازی جوتیاران دەدات و كار بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانیان دەكات.

ئارەزو مەحموود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: لەسەردانێكمان بۆلای جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق داخوازی و داواكاری جوتیارانی كوردستانمان گەیاندە پەرلەمان،  بەو ئامانجەی كێشەی بەبازاڕكردنی بەرهەمی جوتیاران لە نێوان باشور و ناوەڕاستی عیراق و شارەكانی هەرێمی  كوردستان چارەسەر بكرێت.

 وتیشی:  ئەو هەوڵەمان دوای كردنەوەی پێشانگایەكی تایبەت بەبەرهەمە كوشتوكالیەكان دێت، كە لە چەند رۆژی رابردوو لەبەغدا کرایەوە، لەو پێشانگایە  ژمارەیەك لە كومپانیاكانی كەرتی كشتوكالی كوردستان بەشداریان تێدا كردبوو، ئەوان گرفتی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەیە، کە زۆرجار رێگایان پێنادرێ  هەناردەی  ناوچەكان دیكەی عیراق بكەن.

   ئەوەشی خستەروو:   كه‌ هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە تاكو جۆرە یەكسانیەک لە نێوان شارەكانی عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە دروست بێت، بەجۆرێك بازاڕ بۆ بەرهەمی یەكتر بڕەخسێنن،  هاوكات رێگا لە قۆڕخكاری و گرانبوونی ئەو بەرهەمانە بگرن، بەو پێیەی عیراق یەك دەوڵەتە نابێت جیاكاری  و رێگری لە نێوان جوتیاران بكرێت.

جێی ئاماژەیە بەهۆی جیاوازی كەشوهەوا  لە نێوان ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان زۆرجار بەرهەمی  كشتوكاڵی لەكاتی جیاواز پێدەگات، ئەمەش پێویستی بەوە دەکات بەرهەمەكان لە شارێكەوە بگوزارێتەوە شارێكی تر،  هەندێكجاریش بەهۆی بڕیارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ جوتیاران خۆیان بەزەرەرمەند دەزانی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP