دکتۆر بەرھەم ساڵح جەخت لە پێویستیی ھاریکاری نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگە ھاوبەشەکان ده‌كاته‌وه‌

عێراق
09:22 - 2021-08-04

دکتۆر بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 4 ی ئابی 2021 لەکۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە خوان خۆسێ ئیسکۆبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار هەوڵەکانی باڵیۆزی ئیسپانیای بەرزنرخاند، لەماوەی کارکردنی لەعێراق، بەتایبەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ھەروەھا هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەئەرکەکانی داهاتوویدا، ھاوکات ستایشی رۆڵی ئیسپانیای کرد لە پشتیوانیکردنی عێراق لەجەنگی دژ بە تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پشتیوانیکردن لە سەقامگیری عێراق.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەپێویستی ھاریکاری نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ھاوبەشەکان، بەتایبەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و قەیرانی تەندروستی و پەتای کۆرۆنا، هەروەها یەکخستنی ھەوڵەکان بەئاڕاستەی پشتیوانیکردن لە سەقامگیری ناوچەکە و هێورکردنەوەی بارگرژییەکان.

لای خۆییەوە باڵیۆزی ئیسپانیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و بەھێزکردنی ھاریکاری نێوان هەردوو وڵات لەگشت بوارەکاندا دووپاتکردەوە.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP