ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌نجامده‌رانی كۆمه‌ڵكوژكردنی ئیزدییان له‌ چیای قه‌ره‌چوغ خۆیان مه‌ڵاس داوه‌

کوردستان
11:22 - 2021-08-04

فەرماندەیەكی پێشمەرگە لەسنووری قەزای مەخمور رایگه‌یاند، مانەوەی داعش لەهەندێك ناوچەی عیراق و كوردستان بەتایبەتی لە چیای قەرەچوغ نیشانەی ئەوەیە كە تاكو ئێستا ئەو چەكدارانە هەڕەشەن و ئەگەر دەرفەتیان هەبێت كۆمەڵكوژی هاوشێوەی شەنگال لەناوچەی دیكە دووبارە دەكەنەوە.

غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لەسنوری چیای قەرچوغ  رایگەیاند: جێگەی سەرسوڕمانە تاكو ئێستا بەشێك لەو داعشانەی جینۆسایدی ئێزیدییەكانیان كرد  لەشاخی قەرەچوغ خۆیان مەڵاس داوە بۆ دووبارە بوونەوەی هێرشێكی تری هاوچەشنی شەنگال.  

وتیشی: هەرچەندە هێزەكانی هاوپەیمانان بەگشتی و هێزەكانی فەڕەنسا بەتایبەت لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە شاخی قەرەچوغ ژمارەیەكی زۆریان لەو تیرۆرستانە كوشتووە بەڵام هێشتا ماون و جێگەی مەترسین.

راشیگەیاند: ئەركی سەرشانی حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمە پەلەبكەن لە بەدواداچوونی بێ سەروشوێنان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، لەگەڵ قەرەبوو كردنەوەی ماددی و مەعنەوی زیانلێكەوتووان .

جێی ئاماژەیە رۆژی 3-8-2014 بەڕۆژی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزیدی لەشەنگال لەلایەن تیرۆرستانی داعش دادەنرێ، بەگوێرەی دوا ئاماری بەرێوەبەرایەتی كاروباری ئێزیدییەكان لەوەزارەتی ئەوقافی هەرێم جگە لەشەهیدو بریندار، دوو هەزار و 760 كەس بێ سەروشوێنە و لەوماوەیەدا سێ هەزار و 545 كەس لەژێر دەستی داعش رزگاركراون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP