تا سەرجەم كارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریكا كابوڵ جێنه‌هێڵن رێگه‌ به‌ تاڵیبان نادرێت شاره‌كه‌ كۆنترۆڵ بكات

جیهان
12:49 - 2021-08-15



سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند: تالیبان كاتێك دەتوانێت بچێتە ناو شاری كابولەوە كە سەرجەم كارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریكا شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن. 

جۆبایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وێرای بەرگریكردن لەبڕیاری كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان ڕایگەیاند: هەتا سەرجەم كارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریكا شاری كابوڵ چۆڵنەكەن هیچ هێزێكی تالیبان بۆی نییە بچێتە ناو شاری كابولەوە.

بڕیارە لە زووترین كاتدا سەرجەم كارمەندان و دیپلۆماتكارانی ئەمریكی خاكی ئەفغانستان چۆڵ بكەن و لەئێستا فڕۆكەی ئەمریكی بەسەر ئاسمانی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە كابول دەسوورێتەوە و ئەمریكا هێزێكی تایبەتی ناردووە بۆ پاراستنی دیپلۆمات و كارمەندانی باڵوێزخانەی خۆی. 

هەرچەند دەوترێت كە هێزەكانی تالیبان چوونەتە ناو شاری كابولەوە، بەڵام حكومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە كە دۆخی شارەكەیان كۆنترۆڵ كردووە و هاوكاتیش تالیبان ڕایگەیاندووە كە زۆر ئەوان ناچنەوە ناو شارەكەوە.

ئەشرەف غەنی سەرۆك كۆماری ئەفغانستان ڕایگەیاندووە كە ئەوان بەرپرسن لە دابینكردنی ئاشایش و ئارامی شارەكە و بە باشترین شێوە ئەركەكانی خۆیان ڕادەپەڕێن.

لەلایەكی ترەوە سەرۆك ئەفغانستان لەگەڵ زالمای خەلیل نێردراوی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاشتی لە ئەفغانستان و نوێنەری ناتۆ كۆبۆتەوە. 

 بەیانی ئەمڕۆ تالیبان ڕایگەیاد كە شاری جەلال ئابادیان كۆنترۆڵكردووە و دەستیان بەسەر ویلایەتی دایكەندیدا گرتووە و ویلایەتی بامیان لەكۆنترۆڵی خۆیاندایە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP