سه‌رۆكی ئه‌فغانستان به‌ره‌و تاجیكستان هه‌ڵات

جیهان
14:29 - 2021-08-15


ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان وڵاتەکەی بەرەو تاجیکستان جێهێشت.

   لێپرسراوێكی باڵا لە حکومەتی ئەفغانستان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندوه‌،  ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان وڵاتی بەرەو تاجیکستان جێهێشتوە.

هاوکات بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەهەواڵی چونەدەرەوەی ئەشرەف غەنیی بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن، دوای ئەوەی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان رێککەوتن لەسەر ئەوەی بە ئاشتییانە دەسەڵاتیان رادەست بکرێت.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵش، كه‌ له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌، چەکدارانی تاڵیبان حکومەتیان ئاگادارکردوەته‌وە کە تا ئەو کاتەی رادەستکردنی دەسەڵات رودەدات، لە دەروازەکانی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان دەمێننەوە.

هەروەها لەنیوەڕۆی ئەمڕۆوە شاندێکی تاڵیبان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەفغانستان لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکە لەبارەی دەستاودەستکردنی "ئاشتییانەی" دەسەڵات گفتوگۆیانکرد.


دوای ئەوەی تاڵیبان گەیشتە چەند شارێکی پارێزگای کابوڵ، ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکیدا دروستبوە و بەشێکیان کابوڵ جێدەهێڵن. هەروەها بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەشێک لە خەڵکی ماڵ، ئۆتۆمبێل و خانوەکانیان جێهێشتوە و هەڵاتون یان بەرەو فڕۆکەخانە رۆیشتون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP