سلێمانی ــ نرخی نان وەكو خۆی ده‌مێنێتەوەو گران نابێت

ئابوری
12:26 - 2021-08-23


نوێنەری نانەواخانەكان و سەندیكای كرێكاران لەگەڵ قائیمقامی سلێمانی كۆبونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی كێشەی نانەواخانەكان كرد كە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سوتەمەنی دەبینێتەوە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیار درا نرخی نان وەكو خۆی بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دینار بێت.
 
لە كۆبونەوەكەدا چالاك رەئوف سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان بە نوێنەرایەتی تەواوی خاوەن نانەواخانەو سەمونخانەكان كێشەكانی باس كرد كە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سوتەمەنی و بەرزبونەوەی نرخی كارەبا و زۆری رسوماتی تازەكردنەوەی مۆڵەتدا دەبینێتەوەو فشاری زۆری لەسەر دروستكردو، لەهەمان كاتدا لەخەمی ژیانی هاوڵاتیانیشداین، بەڵام ئێستا فشاری زۆرمان لەسەرەو لە زەرەرداین.

قائیمقامی سلێمانی پێی راگەیاندن:  ئێمە لە كێشەكانی ئێوە تێدەگەین و دەزانین بەشێكی گرنگی كۆمەڵگە و شارەكەمانن و زەرەرمەندی یەكەم ئێوەن، لە چەند لایەكەوە هەوڵێكی زۆرمان بۆ چارەسەری كێشەكان داوە، ئومێد دەكەین لە ئایندەدا ئەنجامەكەی ببینین، لەهەمان كاتدا رێگە نادەین بەهیچ جۆرێك ئارد ببرێتە دەرەوە، لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵ ئەدەین رسوماتی لەسەر نەبێت.

وتیشی: من دەزانم هەمووتان لە زەرەردان،  بەڵام با هەوڵ بدەین بە هەموومان رێگە بگرین لە گرانبوونی نرخی نان، چونكە دواجار شارەكەمان و كۆمەڵگەكەمان زیان دەكات.
لە كۆبونەوەكەدا رێككەوتن كە لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا نرخی نان وەكو خۆی بمێنێتەوە و ژمارەی نان دەستكاری نەكرێت و 8 نان بە هەزار دینار دەبێت و خاوەنی نانەواخانەكانیش رەزامەند بوون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP