جۆ بایدن:چەندە زوو ئه‌فغانستان جێبهێڵن ئەوەندە باشە

جیهان
10:46 - 2021-08-25


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگه‌یاند، چەندە زوو خاكی ئه‌فغانستان جێبهێڵن ئەوەندە باشە، جه‌ختشیكرده‌وه‌، تەواوكردنی پرۆسەی کشانەوەی هێزه‌كانیان لەو وڵاته‌ تا ٣١ی ئاب گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە. 

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی G-7، لە کۆشکی سپی  له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەی بۆئەوەکرد کە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ئەو رێگایەی بۆ هاوپەیمانانه‌كانی کردووە، لە ماوەی ئەو ١٠ رۆژەدا بڕیویانە و وتی: ''لە مانگی تەمووزەوە تا ئێستا، ٧٥ هەزار و ٩٠٠ کەسمان گواستووەتەوە''.

سەبارەت بە پرۆسەکانی گواستنەوە و کشانەوەش لە ئەفغانستان سەرۆکی ئەمریکا باسی له‌وه‌كرد كه‌ ''لەئێستادا تەواوبوونی پرۆسەی کشانەوە لە ئەفغانستان تا ٣١ی ئاب لەسەر رێگای خۆیەتی و چەندە زوو ئەو وڵاتە جێبهێڵن ئەوەندە باشە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا رۆژ لە دوای رۆژ مەترسی زۆر زیاتر روو لە سەربازانمان دەکات، بەڵام تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە تا ٣١ی ئاب پەیوەستە بە بەردەوامی تاڵیبان لە هاریکاریکردنمان، دەستەبەری گەیشتنی هاووڵاتییان بە فڕۆکەخانە و رێگرینەکردن لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکانماندا''.

هاوکات جۆ بایدن ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، کە داوای لە وەزیرانی بەرگریی و دەرەوە کردووە بۆ ئامادەکردنی پلانی دۆخێکی بەپەلە بۆ بەکارهێنانی لە ئەگەری درێژکردنەوەی وادەکە و وتی: ''سوورم لەسەر دەستەبەرکردنی تەواوبوونی ئەو ئەرکە''.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر لە ئەفغانستان زیاتر بمێننەوە ئاسایشیان دەکەوێتە مەترسییەوە و نیگەرانیشن لەوەی گرووپەکانی سەربە داعش لە ئەفغانستان هێرش بکەنە سەر فڕۆکەخانەی کابول.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP