وەزیری نەوتی عێراق: چاوەڕوانی داواكاری حكومەتی هەرێمین بۆ رەوانەكردنی بەنزین

ئابوری
15:29 - 2021-09-05



وەزیری نەوتی عێراق سه‌باره‌ت به‌ ره‌وانه‌كردنی به‌نزین بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد كه‌، چاوەڕوانی داواكاری رەسمی حكومەتی هەرێمن بۆ رەوانەكردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان بەبڕی یەك ملیۆن لیتری رۆژانە. 

ئیحسان عەبدولجەبار ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانسدا رایگه‌یاند، عه‌مباره‌كانی وەزارەتی نەوت بەنزینی پێویستی تێدایە، هەركاتێك داواكاری فەرمی حكومەتی هەرێمیان بەدەستبگات رەوانەی دەكەن. 

 ئه‌مه‌ لەكاتێكدایە، وەزیری‌ سامانە سروشتییەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێم، رۆژی شەممە ڕایگەیاندبو، بڕیاری ناردنی ملیۆنێك لیتر بەنزین لە بەغداوە بووەتە فەرمیی، بەڵام تائێستا نازانن چۆن بەنزینەكە بگەیەننە هەرێم بۆیە تائێستا نەنێردراوە.  

كەمال ئەتروشی‌، وەزیری‌ سامانە سروشتییەكان لە دیمانەیەكی‌ لەگەڵ فەرمانگەی‌ میدیا و زانیاری‌ (شەممە 4ی ئەیلولی 2021) رایگەیاند " لە ماوەی ڕابردوودا ئەو بەنزینەی دەهاتە هەرێمی كوردستان كوالێتی زۆر خراپ بوو و زیانێكی زۆری لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان دەدا هەربۆیە كاریان كردوه‌ بۆ ڕاگرتنی ئەو كارە تا وای لێهات هێنانی بەنزین لە دەرەوە وەستا، دواتر هانی بازرگانەكانیان دا بۆ هاوردەكردنی بەنزین و باجیان كەم كردەوە بۆئەوەی وردە وردە نرخی بەنزین دابەزێت."    

ئاماژەی بۆئەوەشكردبو، "دواتر چووەته‌ بەغدا و لە كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق گەیشتونەته‌ ئەوەی بەغدا ڕۆژانە ملیۆنێك لیتر بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و ئێستا بڕیارەكە دەرچووە."    

كەمال ئەتروشی‌ وتی، "من نەمدەزانی توانای لۆجستیمان نییە بۆ گواستنەوەی ئەو ملیۆن لیترە بۆ هەرێم كە بە تانكەر بێت یاخود بۆری یاخود هەر ڕێگەیەكی دیكە، بۆیە ئێستا سەرقاڵی ئەوەین، ئەوە چارەسەر بكەین."    

وتشی، "لە كۆمپانیای كار بە زیادەوە دەتوانین بەنزین بەرهەمبهێنین، بەڵام بەهۆی‌ ڕەچاوكردنی‌ دۆخی‌ ئابوریی‌  هەرێمی كوردستان پێویستە بەشێك لە نەوتی‌ خاو ڕەوانەی‌ دەرەوە بكەین و ناكرێ‌ هەمووی‌ بكەین بە بەنزین". 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP