دوو كورد ده‌بن به‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی نه‌رویج

جیهان
07:30 - 2021-09-14


دوو گه‌نجی كورد به‌ناوه‌كانی مانی حسێنی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان و سەحەر ئایدار، كوردی باكوری كوردستان، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی نه‌رویج، بۆ په‌رله‌مانی ساڵی 2021 - 2025 ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌تهێناو بوون به‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌و وڵاته‌.

دوای راگه‌یاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج بۆ ساڵەكانی 2021 ـ 2025، ئه‌ویش تەنها دوای سێ سه‌عات له‌ راگه‌یاندنی دوا واده‌ی ده‌نگدان و جیاكردنه‌وه‌ی لە 99%،  دەنگەكان، سه‌ركه‌وتنی بەرەی چەپ، بەڕابەریی پارتی كرێكارانی نەرویج راگه‌یه‌ندرا، كه‌ زۆرینەی رەهای كورسییەكانی به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ جۆرێك لەكۆی 169 كورسی ئه‌و پەرلەمانه‌، 100 كورسی بەدەست هێناوە.

 سەركەوتنی گەورەیەی ئه‌مجاره‌ی بەرەی چەپش، به‌ كۆتایی دەسەڵاتی هەشت ساڵەی بەرەی راست داده‌نرێت.  

بە پێی ریزبەندیی كاندیدی پارتە سیاسییەكانش بۆ پەرلەمان، هەریەك لە مانی حسێنی كاندیدی پارتی كرێكارانی نەرویج و سەحەر ئایدار كاندیدی پارتی سوور دەنگی پێویستیان بەدەست هێناوە.
مانی حسێنی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانەو پێشتر سەرۆكی گەنجانی پارتی كرێكارانی نەرویج بووە. لەڕیزبەندی 25 كاندیدی هەرێمی ئەكەرشوس، پێنجەمین كاندید بوو.
سەحەر ئایدار-یش كوردی باكوری كوردستانەو پێشتر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجانی پارتی سوور بووە. كاندیدی ژمارە دووی هەرێمی ئۆسلۆ بوو. پارتەكەی سەحەر یەكێك لەبراوەترین پارتەكانی ئەم هەڵبژاردنەیە، پێشتر پارتی سوور تەنها یەك كورسی پەرلەمانیان هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا توانایان هەشت كورسی بەدەست بێنن.
رێژەی بەشداری دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتە 6.76%. 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP