ئیسرائیل ده‌ستگیركردنه‌وه‌ی دوو زیندانیكراوه‌ هه‌ڵاتووه‌ فه‌له‌ستینییكه‌ی دیكه‌شی راگه‌یاند

جیهان
18:46 - 2021-09-19



سوپای ئیسرائیل دەستگیركردنی دوایین دوو بەندكراوی فەڵەستینی هەڵاتووی لەكۆی شەش هەڵاتووەكەی بەندینخانەی جلبوع راگەیاند.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوه‌، هەڵمەتی پشكنین و به‌دواداگه‌ڕانه‌كانیان بەسەركەوتوویی كۆتایی هاتوه‌و لەهەڵمەتێكی هاوبەشی هێزه‌كانی سوپاو دەزگای ئاسایشی گشتیی و پۆلیسی تایبەت، شەوی رابردوو لەشاری جنین هەریەك لە ئەیهەم كەممجی و مونازڵ نفێعات، بەندكراوانی هەڵاتوو دەستگیربكرێنەوە.

سوپای ئیسرائیل له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنەی هەریەك لە كەممجی و نفێعاتی لەساتی دەستگیركردنیان، ئاماژەی بۆئەوەشكردووە، كه‌ هەردوو بەندكراوه‌كه‌ ره‌وانه‌ی لێكۆڵینەوە كراون لەلایەن هێزە ئەمنییەكانه‌وه‌.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە 6ی ئەم مانگە شەش بەندكراوی فەڵەستینی لەبەندینخانەی جلبوع لەڕێی هەڵكەندنی تونێلێكەوە هەڵاتن، بەڵام پێشتر لەماوەی رابردوودا لەلایەن هێزەكانی ئیسرائیلەوە چواریان دەستگیركران و شەوی رابردووش كۆتایی بەدەستگیركردنەوەی سەرجەمیان هێنرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP