بافڵ تاڵەبانی پێشوازیکرد لە دەیڤید ھانت، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لەھەرێمی کوردستان

کوردستان
13:41 - 2021-09-21

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە دەیڤید ھانت، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لەھەرێمی کوردستان.
لەدیدارێکدا كە ئەمین بابە شێخ و سۆران جەمال تاھیر، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەكان و ھەڵبژاردنەکانی عێراق.

بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆی ھاوکێشەکان بۆچوون و سیاسەتی نەگۆڕی یەکێتی خستەڕوو رایگەیاند، یەکێتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بڕیار لەسەر پرسەكان دەدات و هەر هەنگاوێك لەخزمەت كوردستان و خەڵكە خۆشەویستەكەیدا بێت پشتیوانی لێدەكات.
لەدرێژەی دیدارەكەدا هاوسەرۆك جەختی لە یەكڕیزی و كۆدەنگی هێز و لایەنە سیاسییەكان كردەوە و ڕایگەیاند، هاوپەیمانی كوردستان لەنێوان ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕان بەئامانجی بەهێزتركردنی پێگەی هەرێم و یەكڕیزی نیشتمانی دروستبووە. دەمانەوێت پێكەوە یەك گوتاری نیشتمانیمان هەبێت و بەرگری لە بەرژەوەندییە باڵاكانمان بكەین و بیانپارێزین. پێشوازی لە هەر هەوڵێكیش دەكەین كەبیەوێت لەو پێناوەدا كار بكات.
لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بافڵ تاڵەبانی جەختی لەبەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە کە زامنی پاراستنی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و ئەمنی بکات و رەنگدانەوەی خواستی ھەمووان بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP