خاتو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەهیچ بەرپرسێكی خەمسارد قبوڵ ناكرێت كەخزمەت بەكۆمەڵانی خەڵك نەكات

کوردستان
14:26 - 2021-09-21

رۆژی 21 ی ئەیلول، لە هۆڵی دادە(هێرۆ) لە بارەگای مەڵبەندی ١ی رێكخستنی سلێمانی(ی.ن.ك)، خاتو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەرپرسی میحوەری سلێمانی بۆ هەڵمەتی بانگەشە و هەڵبژاردن، بەئامادەبوونی عەتا محەمەد راوێژكاری هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیانەدا كۆبۆوە كە سەر بەیەكێتی و گۆڕانن و لەپۆستەكانیان بەخشراون.
خاتو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێی ڕاگەیاندن كارەكانی ڕابردووتان جێگەی ڕێزە لامان، ئێستاش كە لەپۆستەكانتاندا نەماون ئێمە خەمخۆر و داكۆكیكاری ڕاستەقینەتان دەبین، وتیشی پێویستە لەم قۆناغەدا بە ئەرك و ڕۆڵی حزبی خۆتان هەڵستن.

لەبارەی دووبارە كاندید كردنەوەیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت، خاتو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند، ئاشكرایە كەهەندێ بەرپرسی ئیداری لەپۆستەكانیاندا گلەیی و رەخنەی زۆریان رووبەڕوو بۆتەوە، ئێمەش بەدڵنیاییەوە ئەو رەخنانە پشتگوێ ناخەین و كاریان لەسەر دەكەین، وتیشی: ئێوە خاوەن ئەزموونن لەبەڕێوەبەریی و كاری ئیدارییدا، بۆیە بڕیارمان داوە كەپێداچوونەوە بكەین و لەمەشدا توانا و لێهاتویی ئێوەش وەك كەسانێكی خاوەن ئەزموون لەبەرچاو دەگرین.
خاتو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، جەختیشی كردەوە كەگرتنەدەستی پۆستێكی حكومی بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكە، بەپێچەوانەوە كاتێ بەرپرسێك خەمسارد و گەندەڵ بێ و خزمەتی خەڵك نەكات ئێمە لێی قبوڵ ناكەین و دەیگۆڕین.
لەبەرامبەردا، ئەو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیانەی كە سەر بەیەكێتی و گۆڕانن و لەپۆستەكانیان بەخشراون، سوپاسی ئەو متمانەیەیان كرد و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ گرتنەدەستی هەر ئەركێك كەپێیان ببەخشرێت تا بەئەمانەتەوە بەباشترین شێوە جێبەجێی بكەن و لەخزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندی گشتیدا بن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP