به‌غداد - كه‌رنه‌ڤاڵی ناساندنی كاندیدانی هاوپه‌یمانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

عێراق
15:53 - 2021-09-21

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 21-9-2021، به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان و ده‌رباز محه‌مه‌د رێگه‌پێدراوی هاوپه‌یمانی كوردستان و كاندیدان هاوپه‌یمانی كوردستان، له‌ به‌غدا كه‌رنه‌ڤاڵی ناساندنی كاندیدانی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عیراق به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ سه‌ره‌تای كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌شدا خالید شوانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ بازنه‌ی (2) ی پارێزگای كه‌ركوك، وتارێكی پێشكه‌شكردوو رایگه‌یاند: هاوپه‌یمانی كوردستان به‌ دورشمی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌هێزترین، له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێكهاتووه‌، كه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ یه‌ك ده‌نگ و به‌یه‌كگرتوویی پێكه‌وه‌ له‌ به‌غدا به‌رگری له‌ مافه‌ ره‌واكانی هاووڵاتییانمان بكه‌ین و شه‌ڕی موچه‌و بودجه‌ بكه‌ین و كاربكه‌ین له‌ پێناو خزمه‌تكردنی زیاتری میلله‌ته‌كه‌مان.
خالید شوانی راشیگه‌یاند: هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ پلانیدایه‌ كاربكات بۆ سه‌قامگیری له‌ عیراقدا، چونكه‌ هاوپه‌یمانی كوردستان ده‌توانێت له‌ به‌غدا گۆڕانكاریی گه‌وره‌ بكات له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.
وتیشی: سیاسه‌تی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌به‌غدا سیاسه‌تێكی لێكتێگه‌یشتن ده‌بێت، هه‌مان كات چه‌ندین پڕۆژه‌ی ئابوری گه‌وره‌ی ده‌بێت كه‌ خزمه‌تی هه‌موو هاووڵاتییانی عیراق ده‌كات، هه‌روها وتی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ عیراق چاره‌نوسسازه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو هاووڵاتییان ده‌نگ بده‌ن و نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن.
شوانی ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، هاوپه‌یمانی كوردستان گرنگی ته‌واو به‌ گه‌نجان ده‌دات له‌ هه‌موو عیراق، بۆ ئه‌وه‌ش پلانی زۆر گه‌وره‌و كاریگه‌ری هه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ خزمه‌تی هاووڵاتییانی عیراقدا جێبه‌جێی بكات، هه‌روه‌ها وتی: هاوپه‌یمانی كوردستان پلانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدای هه‌یه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP