هاوپەیمانی کوردستان له‌ کۆبوونەوەیەکدا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی له‌ سنوری بازنەی ٢ی پارێزگای نەینەوا راگەیاند

کوردستان
19:14 - 2021-09-21

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢١/٩/٢٠٢١ لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەرفراواندا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراقی لەسنوری بازنەی ٢ی پارێزگای نەینەوا لە قەزای شێخان راگەیاند .

سەرەتا لەنێو ئاپۆڕای جەماوەردا ، پێشوازی لە هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە کرا ، پاشان ووتەی بەخێرهاتن لەلایەن هەڤاڵ سەرکەوت سیروان فاروق بەگ لێپرسراوی کۆمیتەی رێکخستنی شێخان  خوێندرایەوە پاشان هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە لەووتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی ناوچەکە کرد و ووتی: ئێمە ئەمڕۆ هەموومان لەشێخان و باعەدرێی میران کە بەدەرگای بادینان ناسراوە کۆبووینەتەوە بۆ خستنەڕووی بەرنامە و پلانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا ، ئەو هەڵبژاردنەی کە لەئەنجامی خۆپێشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی تری عیراق دژی گەندەڵی و نادادی لە سەرەتای ئەمساڵ بەڕێوەچوو ، ئەنجامەکەشی بە گۆڕینی ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بڕیاردان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پێناو گەڕاندنەوەی شکۆی سەروەری عیراق کۆتاییهات . 
لە بەشێکی تری ووتەکانیدا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە گرنگی بەشداری بەرفراوانی خەڵکی ناوچەکە کرد لە هەڵبژاردنەکاندا بۆئەوەی چیتر خەڵکی تر لە شوێنی ترەوە بەنوێنەرایەتی ئەوان نەچێتە بەغدا چونکە ئەوەی پێویستە نوێنەرایەتی خەڵکی شێخان و دەوروبەری بکات پێویستە لەبنەڕەتدا خۆی خەڵکی ئەو ناوچەیە بێت ، چونکە باشتر لە کێشە و ئازار و مەینەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک تێدەگات و دڵسۆزانەتر هەوڵ دەدات بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانیان لە بەغدا ، لەسەر ئەو بنەمایەش لیستی هاوپەیمانی کوردستان خاتوو رونزی زیاد سەیدو بەگ ، کاندیدکردوە کە ژمارەکەی ٢٦ لە بازنەی ٢ی نەینەوا ، ئەو خاتوونە خۆی لە بنەماڵەیەکی دیار و ناسراوی ناوچەکەیە و کەسێکی هۆشیار و پڕ جولەیە دەتوانێت  نوێنەرێکی سەرکەوتووی خەڵکی ناوچەکە بێت لە هۆڵی پەرلەمانی عیراق بۆیە ، شایستەترین کەسە بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدەن . 
هەر لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەو قوربانییە زۆرانەی برا ئێزدییەکان کرد کە لە مێژوودا داویانە ، دواترینیان هێرشی رێکخراوی تیرۆرستی داعش بوو کە بووە هۆی شەهید بوون و بێ سەرو شوێن بوونی هەزاران کەس لە پیاو و ژن و منداڵی ئێزیدی ، ئێمە پێمان وایە ، ژماردنی فەرمانەکانی سەر ئێزیدییەکان بەس نیە بۆ خستنە ڕووی تاوانەکان ، بەڵکو پێویستە  ئەم تاوانانە و ئەوانەشی بوونەتە هۆکار بۆ لەدەستدانی قوربانییەکان بەبڕیار بسەپێندرێت ، پێویستە بەشێوەیەکی جدی کار لەسەر سزادانی ئەوانە بکرێت بوونە هۆکاری ئەو جینۆسایدەی لە ئابی ٢٠١٤ بەسەر خوشک و برا ئێزیدییەکان هێندرا. 

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد کە راستە لەرووی سەربازییەوە داعش تێکشکێندراوە ، بەڵام پێویستە لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی فەرمانێکی تر بەسەر ئێزیدییەکان پارێزبەندی نێودەوڵەتی بۆ ئێزیدییەکان گەرەنتی بکرێت ، ئەوانەی کەمتەر خەم بوون بەرامبەر پارستنی شەنگال و ئێزیدییەکان پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت ، ئێمە لەگەڵ پێکەوە ژیان و سەقامگیری و سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتین ، چونکە پێکەوە ژیان ووڵات جوانتر دەکات ، پارێزگای نەینەوا عیراقێکی بچووکە باشترین نمونەیە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان ، لە کۆتایی ووتەکەیدا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە جارێکی تر جەختی لەسەر بەشداری بەرفراوانی دەنگدەران لەهەڵبژاردن کردەوە بەتایبەتیش دەنگدان بە لیستی هاوپەیمانی و خاتوو رونزی زیاد سەیدو بەگ کاندیدی ژمارە ٢٦ لە بازنەی ٢ی پارێزگای نەینەوا لەناوچەکە ، چونکە بەهێزیمان لەبەغدا گرەنتی زیاتری چەسپاندنی ماف و داخوازییەکانمان دەدات ، دوور کەوتنەوە لەبەغدا گرێ و کێشەی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان دروست دەکات بەپێچەوانەوە ، نزیک بوونەوە لە بەغدا و ئامادەبوونمان لە مەرکەزی قەرار گرنگی زیاتری هەیە لە رووی سیاسی و سەربازی و ئابوری بۆ هەرێمی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP